ژنێكی كورد وه‌ك هاووڵاتی نموونه‌یی له سویسرا دياركرا

K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، له رێوڕه‌سمێكدا، 10 هاووڵاتی بیانی له‌سه‌ر ئاستی وڵاته‌كه‌ی، وه‌ك هاووڵاتی نموونه‌یی ده‌ستنیشان ده‌كات، یه‌كێك له‌وانیش ژنێكى كوردی هه‌رێمی كوردستانه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه ساڵانه ئه‌و رێوڕه‌سمه، بۆ په‌نابه‌رانی بیانی سازده‌كات، به‌تایبه‌تیش ئه‌و كه‌سانه‌ی له وڵاتانی خۆیان كه‌سانی خاوه‌ن بڕوانامه بوونه و له‌وێش بڕوانامه‌كانییان هاوتا كردووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، كار ده‌كه‌ن.
ئه‌و كچه كورده ناوی هۆزان عیماده‌دین، ته‌مه‌ن 29 ساڵه و خه‌ڵكی هه‌ولێره و له ساڵی 2010ه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و كوڕه‌كه‌یدا له‌و وڵاته ده‌ژین، له باره‌ی ده‌ستنیشانكردنی وه‌كو هاووڵاتییه‌كی بیانی نموونه له سویسرا، هۆزان ده‌ڵێت: "رازی نه‌بووم وه‌كو هاووڵاتییه‌كی عێراقی ناوم بهێنرێت و گوتم هه‌موو كولتوورێكم خۆشده‌وێت و كارییان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م، به‌ڵام من عێراقی نیم و كوردێكی كوردستانیم، دواجار به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی كار رازی بوون كه وه‌كو كوردێكی كوردستان ناوه‌كه‌م تۆمار بكه‌ن".

له باره‌ی كاركردنی له‌و وڵاته، ئه‌و ژنه ده‌ڵێت: "من وه‌كو وه‌رگێڕێك له‌وێ كارده‌كه‌م، زمانه‌كانی كوردی به زاراوه‌كانی كرمانجی و سۆرانی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی به شێوه‌یه‌ك ره‌وان قسه ده‌كه‌م، جگه له هاووڵاتییان، ته‌نانه‌ت حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ش سوودی له به‌هره‌كانی زمانه‌وانی من وه‌رگرتووه".
هۆزان خوێندنی كیمیای له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددینی هه‌ولێر ته‌واو كردووه و ماوه‌یه‌كیش وه‌كو مامۆستا كاریكردووه، ژیاننامه‌كه‌شی له‌سه‌ر تابلۆیه‌كی گه‌وره نووسراوه‌ته‌وه له كتێبخانه‌ی گشتی كانتۆنی سه‌نكتگالن هه‌ڵواسراوه و له شوێنێكی به‌رچاو دانراوه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین كه‌س بیبینێت و وه‌كو نموونه‌یه‌ك سه‌یر بكرێت.

له كاتی نووسینه‌وه‌ی كورته‌یه‌ك له ژیاننامه‌كه‌شیدا، داوایان لێكردووه په‌ندێك به زمانی كوردی بنووسێت، ئه‌ویش له به‌رامبه‌ردا داوایكردووه په‌ندێك به زاراوه‌ی كرمانجی بنووسرێت، ئه‌ویش "هه‌تا نیڤا ده‌ستی ره‌ش نه‌بت تاما ده‌ڤی خوه‌ش نابێت"، پێداون و وتویه‌تی چونكه ئامانجه‌كان هه‌وڵ و كوششی زۆری ده‌وێت تا دڵخۆش ببیت و سه‌ربكه‌ویت و ژیانیكی ئارام و سه‌ربه‌رز به‌ڕێ بكه‌یت.