شوێنگره‌وه‌ی عه‌لی خامنه‌یی به هێمنی ده‌رده‌كه‌وێت
K24 – هه‌ولێر:
پیاوێكی ئایینی ته‌مه‌ن 56 ساڵ و تاڕاده‌یه‌ك نه‌ناسراو له لایه‌ن جیهانی ده‌ره‌وه، به هێمنی وه‌ك به چانسترین كاندیدی داهاتووی رێبه‌ریی ئێران خه‌ریكه خۆی ده‌رده‌خات.
ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رپه‌رشتیار و به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌زارگای ئیمام ره‌زا، كه ده‌وڵه‌مه‌ندترین دامه‌زراوه‌ی خێرخوازییه له جیهانی ئیسلامی و رێكخراوه‌كه‌ی به‌رپرسی زۆرترین "مه‌زارگه پیرۆزه‌كانی" ئیرانه، پێده‌چێت ئاماده‌كرابێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته دیارترین كاندیدی رێبه‌ریی تا ببێته شوێنگه‌ره‌وه‌ی ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، كه ئێستا له ته‌مه‌نی 77 ساڵیدایه.
رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی له‌و باره‌یه‌وه نوسیوویه‌تی" كاروانی رێبه‌ریی خامنه‌یی كه زیاتر له چاره‌گه سه‌ده‌یه‌كه درێژه‌ی كێشاوه، ته‌نها به مردنی كۆتاییدێت، به‌ڵام مردنی له ناكاوی ئایه‌توڵڵا هاشمی ره‌فسنجانی، دیارترین سیاسی ئێران، له رۆژی 8/1/2017 مقۆمقۆ و لێكدانه‌وه‌ی شوێنگره‌وه‌ی (خامنه‌یی) جارێكی دیكه هێناوه‌ته‌وه گۆڕێ.
له ساڵی 2014 راگه‌یه‌نرا كه عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، گه‌وره‌ترین بڕیاردارێژه‌ری وڵات و فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه چه‌كداره‌كان، نه‌شته‌رگه‌ری پرۆستانتی بۆكراوه، له‌و كاته‌وه بێده‌نگی له‌سه‌ر شوێنگره‌وه‌ی رێبه‌ر شكێنراوه و له هه‌ر رووداوێكی نوێ‌دا باس ده‌كرێته‌وه.
به‌ڵام ره‌فسنجانی كۆچكردوو كه ئه‌مڕۆ ده‌برێته دوامه‌نزڵگای و به خاك ده‌سپێردرێت، هێزێكی سیاسی سه‌ره‌كی ئیران بوو، هه‌رچه‌نده به‌هۆی درووستبوونی پاڵپشتی و سۆزی بۆ ریفۆرمخوازان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كاریگه‌ری سیاسی هه‌ندێك پاشه‌كشه‌ی كردبوو، به‌ڵام سیاسییه‌كانی ئیران هه‌رده‌م وه‌ك خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی مه‌زن ده‌یانبینی، هێزێك ته‌نانه‌ت بۆ دیاریكردنی شوێنگره‌وه‌یه‌كی میانڕه‌و بۆ پاش خامنه‌یی به‌سبێت.
مه‌رگی ره‌فسنجانی كه به پیاوی خوله‌كی 90 ناوده‌برا له یه‌كلایكردنه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و پرسه‌كان و راگرتنی به‌ڵانس له نێوان ریفۆرمخوازان و كۆنه‌پارێزاندا،پێگه‌كه‌ی خۆیشی وه‌ك سه‌رۆكی كۆڕی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نیزامی ئێرانی، پرسێكی دیكه‌یه و شوێنگره‌وه‌ی ئه‌ویش وه‌ك به‌شێكی زۆری سیاسی و چاودێرانی ئیرانی ده‌یڵێن، كارێكی هێنده ئاسان نییه.