"پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كه‌یه‌تی"
K24 – هه‌ولێر:
چه‌ندین جار دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكی به‌ڵێنی ئه‌وه‌یداوه، به خێرایی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا به‌ده‌ستبهێنێت، له‌و رووه‌وه تانه‌ی زۆری له هه‌لسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌ی باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا له شه‌ری دژی داعشدا.
له نیوان هه‌موو وتاره‌كانی كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا ده‌یگووت" گه‌شه‌ی ئابووری دووبه‌رابه‌ر ده‌كه‌م و پیشه‌سازی گه‌شه‌پێده‌ده‌م، مه‌كسیكیش ده‌بێت باجی دیواری سنووریی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بدات".
به‌ڵام ده‌توانرێت بگوترێت، به‌ڵێنه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ زوو راماڵینی داعش له‌وانه‌یه ئه‌و به‌ڵێنه بێت كه درێژه بكێشیت.
به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌كانی ئیستا و پیشووی سوپای ئه‌مریكی ده‌ڵێن" له‌وانه‌یه تره‌مپ زۆر به وه‌فا بێت ده‌رباره‌ی به‌ڵێنی به زوویی راماڵینی داعش، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بژارده‌كه‌ی بۆ له ناوبردنی داعش ته‌نها ئه‌وه‌بیت هێزیی زه‌مینی بنیرێته شه‌ڕه‌كه، ئه‌وه رێگه‌یه‌كی پڕ بۆمبی سیاسییه و ده‌توانێت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دووچاری مه‌ترسی بكات و له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و تا كاتێكی نه‌زانراو له ته‌نگژه‌یه‌كی دیكه‌یه‌وه بئاڵێنێت ".
هه‌ر چه‌نده له بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردندا تره‌مپ ته‌ئكیدی له بیرۆكه‌ی دانانی سنوور بۆ پابه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له جیهانی ده‌ره‌وه ده‌كرده‌وه، به‌ڵام هێزی زه‌مینی ئه‌مریكا هێزێكی كێشكهری هه‌یه له ناو ئیداره‌ی ئه‌مریكادا، هه‌ر بۆیه مایكل فلین راوێژكاری نوێی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سته‌وه‌ستان ماوه له ئاشكراكردنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌دا.
به‌لام فلین كه جه‌نه‌راڵ و ئه‌فسه‌رێكی خانه‌نشینی ئه‌مریكییه ده‌ڵێت" پێویسته به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ده‌كه‌ونه سه‌ر بوونمان، ئۆپه‌راسیۆنی فراوانی سه‌ربازی ئه‌نجامبدرێت و داعش به‌و دوژمنانه به‌راوورد ده‌كات كه ئه‌مریكا له جه‌نگی جیهانی دووه‌م و شه‌ڕی سارددا به‌ره‌و روویان بووه‌وه".
فلین ساڵی 2015 به گۆڤاری دێرشپیگڵی ئه‌ڵمانی راگه‌یاندبوو" راستییه‌كی غه‌مناك هه‌یه، ئیمه ده‌سته‌پاچه‌ین له بڵاوكردنه‌وه‌ی هێز له‌سه‌ر زه‌وی، چونكه ته‌نها به بۆردوومانی ئاسمانی ناتوانین به‌سه‌ر دوژمن‌دا سه‌ربكه‌وین".
به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له ده‌وروبه‌ری فلین به گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) ئه‌مریكی گوتووه" دوای ئه‌وه‌ی له سالی 2014 فلین له پۆستی سه‌رۆكی ئاژانسی هه‌واڵگری به‌رگری لادرا و پیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به تیمه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكاوه بكات، سه‌رقاڵی دارشتنی پلانێك بووه بۆ ناردنی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكا بۆ شاری ره‌ققه‌ی مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی چه‌كدارانی داعش له سووریا".
به‌ڵام تا ئێستا ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و پلانه ناڕوونه، به‌ڵام له گفتوگۆكه‌ی گۆڤاری دێرشپیگڵ له ساڵی 2015 ئه‌و جه‌نه‌راڵه خانه‌نشینه پێشنیاری بڵاوه‌پێكردنی هێزه فره ره‌گه‌زه‌كانی له سووریا، بۆ ئه‌مریكا و رووسیا و هێزه‌كانی دیكه خستبووه‌ڕوو، بیرۆكه‌كه‌ی وابوو وه‌ك ئه‌و هێزه ئاشتیپارێزه نێوده‌وڵه‌تییه بێت كه له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان له یوگسلافیا بڵاوه‌یان پێكرابوو".
ئه‌وه‌شی گوتبوو" پێویسته له رووی ستراتیژییه‌وه هه‌ندێك وانه له شه‌ڕی به‌لقان وه‌ربگرین.
فلین وایده‌بینێت" ئه‌و ناوچانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست كه قه‌یرانیان تێدایه هه‌ڵده‌وه‌شێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌لقان روویدا، له‌و كاته‌دا چه‌ند وڵاتێكی دیاریكراو به‌رپرسیارییه‌تی خۆیان له ئه‌ستۆبگرن، ئه‌مریكا كهرتیكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و رووسیا كه‌رتێكی دیكه، كه‌رتی سێیه‌میش بۆ ئه‌وروپا ده‌بێت، له‌سه‌ر عه‌ره‌بیش پێویست ده‌كات هاوبه‌شبن له‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌دا و وه‌ك نوێنه‌رێك بن له هه‌ر كه‌رتێكدا".