عادل موراد: سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى یاری بەموقه‌دەرات و پارە و پوولی ئەم حزبەوە دەكەن

راشيگه‌ياند، ئيداره‌ و دارايى يه‌كێتى له‌ لايه‌ن كۆمه‌ڵێكى كه‌مه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت

K24 – هه‌ولێر:

سكرتێرى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، عادل موراد رايگه‌ياند، پشتيوانى كاديرانى يه‌كێتى ده‌كه‌م له‌ باره‌ى پرسى دواكه‌وتنى موچه‌كانييانه‌وه و راشيگه‌ياند، ئيداره‌ و دارايى يه‌كێتى له‌ لايه‌ن كۆمه‌ڵێكى كه‌مه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت و داواشيكرد، يه‌كێتى له‌ حكومه‌ت بكشێته‌وه‌‌.

له‌ وتارێكدا، كه‌ له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك له‌ په‌ڕه‌ى خۆى بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، عادل موراد نووسيويه‌تى: "بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی جۆراو جۆر دەبیستین سەبارەت بەنیگەرانی كاديرانی یەكێتیی لەپای دواكەوتنی موچەكانیان".

عادل موراد ئه‌وه‌شى نووسيوه‌: "ئەمڕۆ كە یەكێتییەكەمان لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال بەدەست چەندین گرفتى جۆراو جۆر دەناڵێنێت، كەزۆربەیان بەداخەوە زادەی دەست سەركردەكانێتی كەبێ گوێدانە مێژوو و جەماوەر و رای كادیر و ئەندامانی یەكێتیی، یاری بەموقدەرات و پارە و پوولی ئەم حزبەوە دەكەن و كادرە دڵسۆزەكانیشی بەسكی برسی و گیرفانی خاڵی هەوڵ و كۆشش دەدەن لە پێناو پاراستنی یەكێتیی و دەسكەوتەكانی".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "سەرەڕای زیادبوونی داهاتی نەوت و غازى هەرێم كەبەشێكی زۆر كەمی دەگاتە دەستی هاووڵاتیانی و ماف خوراوانی هەرێمەكەمان، كەمن چەندین جار داوای كشانەوەی وەزیرەكانم كرد لەم حكومەتە شكست خواردووە، بەڵام بێ هودە بوو".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "دەبینین كۆمەڵێكی كەم ئیدارەو دارایی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و سەیارەو خانو و سەفەرو كۆنفرانس لەسەر حیسابی یەكێتیی بەكاردەهێنن".

له‌ وتاره‌كه‌يدا، سكرتێرى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى يه‌كێتى ئه‌وه‌شى نووسيوه‌: "دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەو كادرانەی كەداوایان كردوە مافە خوراوەكانیان پێ بدرێت و تەخشان پەخشان بەپارەی حزبەوە لەپێناو كڕینی وەلائی ئەم و ئەو راگيرێت، كە بێ گومان ئەو پارەیەی كەبۆ كڕینی وەلائی یەك كەس تەرخان دەكرێت دەتوانرێت موچەی نەدراوەكانی سەدان كادری دڵسۆز و بەئەزمونی پێ بدرێت".

سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌ت و به‌شدارى يه‌كێتى له‌ كابينه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا عادل موراد نووسيويه‌تى: "كشانەوەی وەزیرەكانمان كە بەركەنارخراون لەم حكومەتە، ئێستا پێویستە".

له‌ كۆتايى وتاره‌كه‌شيدا ئه‌و به‌رپرسه‌ى يه‌كێتى داوايكردووه‌، چاكسازى له‌ ناو يه‌كێتييدا بكرێت و نووسيويه‌تى: "لێرەشەوە داوادەكەم بەزووترین كات مەكتەبی ئیدارەو داریی گشتی یەكێتی بخرێتە ژیر چاودێری لیژنەیەك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی بۆ وردبینیكردن و داڕشتنەوەی خەرجی و داهاتەكانی، بەشێوەیەك كە مووچەی كادیر و كارمەندەكان لەكاتی خۆیدا و بێ داوكەتن دابەش بكرێت".

ئ.ر