حكوومەت دابەشكردنی مووچەی دوومانگی فەرمانبەران تاوتوێ دەكات

ئەنجوومەنی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی پاشەكەوتی مووچە لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی كۆدەبنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان تاوتوێی داھاتەكانی مانگی رابردوو و دابەشكردنی مووچەی دوومانگی ساڵی رابردوو بكات، لەلایەكی دیكە سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە لەگەڵ ئەنجوومەنی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی مووچەی مامۆستایان دەكرێت.

ئاراز ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیری پەروەردە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كۆببنەوە، بە گوێرەی زانیارییەكان دەستەی مامۆستایانی نارازی بە كۆمەڵێك داواكاری دێنە لای سەرۆكی حكوومەت، گرنگترینیان داوا دەكەن بڕیاربدرێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی مامۆستایان، ھەروەھا داوا دەكەن پڕۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی درێژ نەكرێتەوە، چونكە دەكەوێتە وەرزی ھاوین، یەكێك لە داواكارییەكانی مامۆستایانی ناڕازی قەرەبووكردنەوەی ئەو مامۆستایانەیە كە بەھۆی خۆپێشاندانەكان زیانیان بەركەوتووە یان سزادراون".

گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری سامانە سرووشتییەكان راپۆرتێك لەبارەی فرۆشی نەوت لە چەند مانگی رابردوو پێشكەش بكات، ھەروەھا وەزیری دارایی بە وەكالەت راپۆرتی داھاتەكانی وەدەستھاتوو لەم مانگەدا پێشكەش دەكات".

پەیامنێرمان گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەسەر بڕی داھاتی مانگی رابردوو دەكرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت كە داھاتەكە بەشی ئەوە دەكات دەست بكرێت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 ساڵی رابردوو دواتر مانگی 12 كەی دابەش بكرێت، پێشتر لە چەند سەرچاوەیەكی نافەرمی باس لەوەكرابوو كە حكوومەتی ھەرێم دەیەوێت مووچەی ھەردوو مانگی 11 و 12 ساڵی رابردوو دابەش بكات".