زانیاری نوێ له باره‌ی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی به‌رلین ئاشكرا ده‌كرێ
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌ڵمانی، له راپۆرتێكدا ئاشكرای ده‌كات، ئه‌نیس عامری، ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی به‌رلین، به‌كارهێنه‌ری مادده هۆشبه‌ره‌كان بووه و زۆربه‌ی ژیانیشی به بازرگانیكردن به‌و ماددانه‌وه به‌سه‌ربردووه.
رۆژی 20ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2016، ئه‌نیس عامری، به بارهه‌ڵگڕێك بازاڕێكی قه‌ره‌باڵخی به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیای كرده ئامانج، به‌هۆیه‌وه 12 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 50 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، ئه‌و تیرۆریسته تونسییه، رۆژێك دواتر، له شاری میلانی ئیتاڵیا له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌وه كوژرا.
تا ئێستاش لێكۆڵه‌رانى رووداوه‌كه، نه‌یانتوانیوه ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نیس له‌سه‌ر هێل بوونه و په‌یوه‌ندیيان له‌گه‌ڵی هه‌بووه، بدۆزنه‌وه.
رۆژنامه‌ی "ڤێلت ئیم زونتاگ"ی ئه‌ڵمانی، بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌نیس عامری، به شێوه‌یه‌كی خوولی، مادده‌ی هۆشبه‌ر و كۆكایینی به‌رهێناوه.
رۆژنامه‌كه له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه، پشتی به دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌ستووه له رووداوه‌كه و ئاماژه‌ی به لێژنه‌ی چاودێری كاروباری هه‌واڵگری له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا "بوندستاگ" كردووه، كه سبه‌ی دوو شه‌ممه كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه ده‌كه‌ن، لێژنه‌كه‌ش گومانی خۆی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ره‌نگه ئه‌و تیرۆریسته له‌كاتی ئه‌نجامدانی كرده‌وه، له ژێر كاریگه‌ری مادده هۆشبه‌ره‌كاندا بووبێت.
رۆژنامه ئه‌ڵمانییه‌كه، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌كه، عامری هاتووه‌ته به‌رلین، به‌ڵام چه‌ند مانگێك پێش رووداوه‌كه، چه‌ند گه‌شتێكی بۆ باكووری ویلایه‌تی راین كردووه و چووه‌ته به‌لجیكا، به تایبه‌تیش ئه‌و ناوچانه‌ی رێژه‌یه‌كی زۆری توندڕه‌وانی تێدا نیشته‌جێیه.
دوای كوژرانی عامری له شاری میلانی ئیتاڵیا، له‌ناو مۆبایله‌كه‌ی ته‌نها دوو ژماره ته‌له‌فۆنی تێدابووه، ئه‌وه‌ش لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی رووبه‌ڕووی ئه‌ركێكی قورس كردووه‌ته‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌و تیرۆریسته‌وه هه‌بووه.
دوای كرده‌وه‌ش، رێكخراوی داعش، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه، كه تێیدا ئه‌نیس عامری به‌یعه‌ت به "خه‌لیفه‌ی داعش" ده‌دا.