ئایا په‌كه‌كه شنگال چۆڵ ده‌كات؟
حكومەتی ھەرێمی كوردستان و ھاوپەیمانەكانی بۆ ئەوەی كە كۆتایی بە كۆچكردنی ئێزیدییەكان بهێنن و بۆ ئاوه‌دانكردنەوەی شاری شنگال كار و خەباتێكی گەورە ئەنجام دەدات. نوێنەرەكانی ھەرێمی كوردستان و نوێنەرەكانی ئێزیدییەكان لە پەرلەمان، داوا دەكەن پەكەكە شنگال چۆل بكات. سیاسەتمەدارانی كوردیش ئاماژە به‌وه‌دەكەن،بوونی پەكەكە لە شنگال رێگرە لە به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وه و و گه‌یاندنی خزمەتگوزاری پێویست بۆشارەكە. پەكەكەش بێ ئەوەی كاتەكەی دیار بكات، چۆڵكردنی شارەكەی رادەگەیاندووه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ھەرێمی كوردستان، دەیانەوێت شاری شنگال، كە بە دەستی داعش وێرانكراوە وەك مۆزەخانه‌یەك بھێڵنه‌وه و لە گەڵ شارە كۆنەكەدا شارێكی تازە درووستبكه‌ن. لە ھەمان كات دا پاش ئەوەی داعش لە موسڵ دەركرا، شنگال به هه‌رێمی كوردستانه‌وه ببه‌سترێته‌وه و وەك پێنجەمین پارێزگای كوردستان رابگه‌یه‌نێت، جگە لەمە ناوچە دابڕێنراوه‌كانی سەر بە دەشتی نەینه‌وا بە شنگاله‌وه ده‌به‌سترێته‌وه. مەسەلەی ئەمنی شارەكەش لە گفتوگۆدایە و حكومەتی ھەرێمی كوردستان پلانی ھەیە بە 8 ھەزا و 500 پێشمەرگەی ئێزیدی ئەمنییەتی شاری شنگال و ناوچەكانی سەر بە شارەكە بپارێزێت. ئەم ژمارەیە تەنیا بۆ بەرگری ناوخۆی شارەكەیە و بۆ بەرگری سنورەكانی شارەكەش ھێزی راستەوخۆ كە سەر بە ھەولێرن دەیپارێزن. لە عێراق باسی ئەوە دەكرێت كە پاش ئۆپراسیۆنی موسڵ نه‌ینه‌وا دەبێت به سێ پارێزگا و شنگالیش یه‌كێك له‌و سێ پارێزگایه‌یه.
شنگال گەورەترین ناوچەی ئێزیدییەكانە لە سەر زه‌وی، پاش ھێرشی داعش لە ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ش بووە یه‌كێك له خاڵه ھەرە گرینگەكانی كوردەكان. لە رۆژی ھێرشەكەی داعش بۆ سه‌ر شارەكە، تا ئیستا 181 كۆنفرانسی بۆ به‌ستراوه و رێكخراوە مەدەنییەكانیش توانیویانە بەهۆی بەرێوەبردنی دیپلۆماسییه‌تێكی گشتیی سەركەوتوو، توانییان باڵ به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا بكێشن و پشتگیری بۆ ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال بە دەست بهێنن.
داعش بەو چەكە پیشكەوتوانه‌ی له سوپای عێراقه‌وه ده‌ستیكه‌وتبوو، ھێرشیكرده سەر ھەرێمی كوردستان و شنگال له‌سەر سنوری رۆژئاوای كوردستا. بەهۆی ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال 240 ھەزار ھاووڵاتی لە ماڵ و زێدی خۆیان ده‌ركران. رۆژی ھێرشەكەی داعش بە دەیان هه‌زار له خه‌ڵكی سڤیلی ئێزیدی پەنایان برده‌چیای شنگال و لەم ژمارە یه‌ش130 ھەزار ھاووڵاتی لە كامپەكانی ھەرێمی كوردستان جێگیركران.
4 ھەزار كەس چارەنووسیان دیار نیە
پاش ئەوەی ھێرشەكەی داعش بۆ سەر شاری شنگال كە لە رۆژی 3ی ئابی 2016 ئەنجامدرا، ھێستاش ھیچ زانیاریەك لە سەر چارەنووسی نزیكەی 4 ھەزار كەسی ناوچەكە نیە. ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتیانی كوردی ئێزیدی كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لە بازارەكانی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش فرۆشران و ژمارەیەكیانیش كوژران و ئەم كردارانە لە سەر پەیجه‌كانی تیرۆریستانی داعش له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرانه‌وه.
با بێنەوە سەر مەسەلەی زەرەر و زیانەكانی شنگال كە لە لایەن حكومەتی ھەرێمی كوردستانه‌وه راگه‌یه‌نرا. به‌گوێرەی ئامارە نافەرمییەكان 3 ھەزار و 455 كەس بێسه‌ر و شوێنن، لەم ژمارەیە 2 ھەزار و 800 كەسیان ئافرەتن. تا ئەمرۆ 70 ھەزار شنگالی كۆچیان كردووە و ھەزار و 800 شنگالیش گوڵەباران كراون. تەنیا لە گوندی كۆجۆ كە دەكەوێته بناری چیای شنگال 400 ھاووڵاتی لە لایەن داعش گوڵەباران كران. تا ئێستا لە ناوچە جیا جیاكانی دیكه‌یش 21 گۆڕی بە كۆمەل دۆزراوه‌ته‌وه و نزیكەی 3 ھەزار منداڵ بێ باوك بوون. 600 منداڵ و ژن و پیاوی به تەمەن له چیای شنگال به‌هۆی برێستی و تینویه‌تی ژیانیان لە دەست داوه. له ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش و پێشمەرگە 953 منداڵ و تێكڕا 2 ھەزار و 640 ئێزیدی لە دەست داعش رزگار كراون.
بە داخه‌وه ھێشتا ھەزار و 400 منداڵ لە دەستی داعش ماون و تا ئێستا چارەنوسیان دیار نیە. 280 كەسی ئێزیدیش كاتێك ویستبوویان روو له ئه‌وروپا بكه‌ن لە دەریای ئیجه‌دا خنكان. لەم ژمارەیه‌ش تەرمی 260 كەسیان نەدۆزراونه‌ته‌وه. لە كامپەكانی ئیۆنانیش 4 ھەزار ئێزیدی نیشتەجێكران.توركیاش پیش ئازادكردنی شنگال ژمارەیەكی زۆر خەڵكی شارەكەی داڵده‌دا، بەڵام پاش ئازادكردنه‌وه‌ی شارەكە بۆ گەرانەوەیان هه‌وڵێكی زۆر خرایه‌گه‌ڕ. لەگەڵ ئەوه‌شدا ھێشتا لە دیاربەكر و ناوچەی مدیاتی سەر بە شاری مێردین 2 ھەزار شنگالی لە كەمپەكاندا ماونه‌ته‌وه.
داگیركردنی شنگال لە لایەن داعش وورەی كوردەكان و گەلەكانی خۆرھه‌ڵاتی ناوەراستی زۆر دابه‌زاندبوو، بەڵام مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە دیپلۆماسیه‌تی سیاسی سەركەوتوانه، پاڵپشتی له ھاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی وەرگرت و پلانی ئۆپراسیۆنی شنگال دانرا. بە بەشداریكردنی 20 ھەزار پیشمەرگە و فرۆكە جەنگیەكانی ھاوپەیمانان كە توركیاش تێیدا بەشدارە شاری شنگال و گوندەكانی ئێزدییەكان رۆژی 12 كانونی دووەمی 2015 لە دەستی داعش رزگار كرا. لەم ئۆپراسیۆنەدا 2 ھەزار و 500 ئێزیدی لە دەست چەكدارانی داعش رزگار كران.
ئێستا ساڵێك زیاتره چه‌كدارانی داعش له شنگال ده‌ركراون، بەڵام خەباتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی برینەكانی شنگالییەكان ساڕ‌ێژ بكات، تا رادەیەك سەركەوتوو نەبووه، چونكە ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و پەكەكە و قەیرانی ھەولێر و بەغدا وجێبەجێنەكردنی ماددەی 140ی دەستوری عێراق و ھەبوونی داعش لە مووسڵ رێگری لەو هه‌وڵانه كرد.
له ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكی حكومڕانی داعش، زیانێكی زۆری بە شارەكە گەیاندووه.ئه‌و رێكخراوه به چاندنی مین و بۆمبی چێنراو و هه‌ڵكه‌ندنی تونێله‌كان، زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی له‌و شاره‌داوه،. لە ھەمان كاتدا فرۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان بە بۆردوومانكردنی بنكه و باره‌گاكانی داعش له‌و شاره بوونه هۆی زیانگه‌یاندن به شنگال. هاوڕێیه‌كم كه له بواری ئه‌ندازه‌ی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین و بۆمبه‌كان له شنگاله پێیگووتم" 80% شارەكە وێران كراوە و به كه‌ڵكی ژیان نه‌ماوه.
پەكەكە لە شنگال 9 بارەگای سەربازی دامەزراند
ئەندامانی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان و چیای قەندیله‌وه روویان لە شنگالیش كرد. بە ناوی یەپەگە و یەبەشە و یەپه‌ژە و یەژەستار و ھەپەشە له ماوه‌ی دوو ساڵدا لە شنگال و گوندەكانی ده‌وروبه‌ری 9 بارەگای سەربازیان دامەزراند و ژمارەیەك له گەنجە ئێزیدییەكانیان چه‌كداركرد. به بەستنی كۆنگریەك كە بە ناوی "خۆسه‌ری ئیراده‌مانه" به‌م كاره‌شیان ویستیان هه‌مان مۆدێلی كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا لە شنگالیش دروستبكه‌نه‌وه. به‌م كاره‌ش په‌كه‌كه ده‌یویست رێڕه‌وێك(كۆریدۆر)ێك بۆ خۆی له نێوان شنگال و رۆژئاوای كوردستان بكاته‌وه.
پاش ئەوەی شنگال رزگار كرا، پەكەكە بێجگە لەوه‌ی ئاجێندای راستەقینەكەی خۆی هه‌یه،، دەنگۆكانی بوونی به به‌شێك له ستراتیژی به‌ره‌ی شیعه‌كانی بڵندتركرد، دەبێ ئەوەش بزانرێت هاوپه‌یمانێتی لە نێوان پەكەكەو تاران و دیمەشق و بەغدا هه‌یه.
پەكەكە یارمەتی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) دەدات. یەبەشەھێزێكی ھەزار كەسییە و له ژێر فەرماندەیی حەیدەر شەشۆدایە. بەڵام ئایا ئه‌و ھەزار و500 كەسیه‌ی دیكه‌ی ناو یەبەشە لە ژێر كۆنترۆڵی كێدایە. وڵامی ئەم پرسیارەش روون و ئاشكرایه...
یەبەشە لە ژێر ناوی حەشدی شه‌عبی لە بەغداوه پاڵپشتی سه‌ربازی و دارایی وەردەگرێت. وەك دەزانرێت حەشدی شه‌عبیش لە لایەن قاسم سولەیمانی فەرماندەی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه دامەزراوە. جێگای باسە كە قاسم سولەیمانی چوار جار چووەته ناو شنگال.
كۆریدۆری كورد نا كۆریدۆری شیعه
پسپۆرانی تورك و ئەوروپی زۆر جار لە راپۆرتەكانیان باسی ئامانجی پەكەكەیا كردووە كە دەیەوێت كۆریدۆری كوردی درووست بكات، بەڵام لە راستیدا ئێمە دەتوانین بڵێین كە ئامانجی پەكەكە ئه‌وه‌یه دەیەوێت بە فەرمانی ئێران كۆریدۆرێكی شیعی لەو هه‌رێمه‌دا بكاته‌وه. دەبێت سه‌رنجمان لە سەر دەستوەردانی ئیران بێت لە خۆرھه‌ڵاتی ناوەراست، ئامانجی ئێران درووستكردنی مانگی شیعییه له ناوچه‌كه‌دا. لە ھەمان كات ھەڵوێستی پەكەكە لە شنگال بەستراوەته‌وه بە ستراتێژی دۆستایەتی تاران و بەشارئەساد و پەیەدەوە. ئەمە زۆر بە روونی دیارە.
پاش شەڕی ناوخۆی سوریا و شەڕ له ناوچه‌كه، چارەنووسی ناوچه‌ی خۆرھه‌ڵاتی ناوەراستیش دیاری دەكرێت. بە تایبەت پەیمانی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمریكا و ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا لە سوریا، به‌شداریكردنی توركیا له ره‌وشی سووریادا رۆڵێكی گرینگ دەگرێت. بەڵام تاران دەیەوێت شنگال و رۆژاوای كوردستان كە لەژێر كۆنترۆڵی( پەیەدە ) دایە بیكاته كۆریدۆرێك بۆ سوریا و ئیسرائیل ولوبنان و دەرگایەكی كراوە بۆ ئامانجەكانی.
ھەولێر و واشنتۆن لە پرسی شنگالدا وه‌ك یه‌ك بیرده‌كه‌نه‌وه
لە كۆتایی ساڵی 2016وە، بوونی پەكەكە لە شنگال بووه‌تە بابەتی سەرەكی گفتوگۆكان. توركیا لە مانگی شوباتی 2016 وه تا ئێستا دژایەتی خۆی لە بەرامبەر بوونی پەكەكە لە شنگال راگه‌یاندووه و دەڵێت" گەر پێویست بكات راسته‌وخۆ ده‌ست له‌و پرسه وه‌رده‌دات. جۆن كێربی گۆتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مریكا، لە میانی كۆنگرەیه‌كی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند" ده‌بێت پەكەكە له شنگال بكشێته‌وه".
پاش ئه‌و لێدوانه‌ی گوته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، میدیاكانی هه‌رێمی كوردستان رایانگه‌یان" بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه له شنگال بكشیته‌وه، به‌رپرسانی ئه‌مریكا چاویان به به‌رپرسانی په‌كه‌كه كه‌وتووه".
له رێكه‌وتی 12/7/2016 لە نێوان ھەولێر و واشنتۆندا رێككه‌وتنێكی سیاسی و سەربازی واژۆ كرا. لە خاڵێكی ئه‌و ئه‌و رێككه‌وتنه‌دا هاتووه" بۆ ئه‌نجامدانی مه‌شق و راهێنان به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، ئه‌مریكا لە كەركوك و دھۆك و هه‌ڵه‌بجه و شنگال بنكەی سەربازی درووست ده‌كات.به‌غدا و تارانیش دژایه‌تی خۆیان بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه راگه‌یاند.خالید عوبەیدی وەزیری پێشووی بەرگری عێراق لە لێدوانیكدا گوتبووی" ده‌بێت ئ ه‌مریكییه‌كان ئه‌و جۆره رێككه‌وتنانه له‌گه‌ڵ به‌غدادا بكه‌ن".
میدیاكانی عێراقیش بڵاویانكرده‌وه" قاسم سوله‌یمانی داوای كۆپییه‌كی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر و واشنتۆنی له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه و گوتوویه‌تی دژی ئه‌و رێككه‌وتنه بوه‌ستێته‌وه".
لای خۆیه‌وه ئه‌نقه‌ره رایگه‌یاندووه" بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و قاعیده و په‌كه‌كه، هاوكاری لۆجیستی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی تا مانگی ئاداری داهاتوو چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ پرسی شنگال بدۆزنه‌وه. ئه‌نقه‌ره ماوه‌ی دیاریكراوی تا مانگی ئادار بۆ به‌غدا دیاریكردووه".
چونكه ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێت قه‌یرانی كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی له باشیك، به مه‌رجی ده‌ركردنی په‌كه‌كه له شنگال و ده‌وروبه‌ری تێپه‌ڕێنێت، ئه‌وكات له باشیك ده‌كشێته‌وه.
ئێستاش هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌یه، شنگال چۆڵ ده‌كات یان نا....
چه‌تینه‌ر چه‌تین
رۆژنامه‌نووسێكی ناسراوی باكوری كوردستانه