شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ سەختتر دەبێت

دژە تیرۆر داوا لە خەڵكی رۆژئاوای مووسڵ دەكات ھاوكاریان بن

K24 - ھەولێر

فەرماندەیەك لە ھێزی دژە تیرۆر ئاشکرای کرد شەڕی بەری رۆژئاوای شاری مووسڵ، شەڕێکی قورستر دەبێت لە شەڕی بەری رۆژھەڵاتی ئەو شارە کە ئێستا بە تەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی عێراقدایە.

جەنەڕاڵ عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندە لە ھێزی دژە تیرۆری عێراق سەبارەت بە قۆناخی داھاتووی شەڕی مووسڵ رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن شەڕی بەری رۆژئاوا، شەڕێکی قورستر بێت لەوەی کە لە شەڕی بەری رۆژھەڵات ھەبوو.

گوتیشی، داوا لە دانیشتووانی مووسڵ دەکەین خۆیان ئامادە بکەن بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی.

ئەوەشی خستەڕوو، بەمنزیکانە بەشی رۆژئاوای مووسڵیش لەدەست چەکدارانی داعش پاک دەکەنەوە.

ئەو جەنەڕاڵەی ھێزی دژە تیرۆری عێراق راشیگەیاند، بەھۆی ئەوەی رووباری دیجلە شاری مووسڵی کردووەتە دوو کەرت، ئەمەش وا دەکات ئەو پێشڕەویانەی ھێزەکانی عێراق لە بەری رۆژھەڵات تۆماریان کرد، نەتوانن، درێژە بە پێشڕەوییەکانیان بدەن و راستەوخۆ بپەڕێنەوە ئەو بەری شارەکە.