پیاوێكی تورك ده‌ڵێت باوكی ئه‌دیلی گۆرانیبێژم
K24 – هه‌ولێر:
محه‌مه‌د ئاسار پیاوێكی ته‌مه‌ن 52 ساڵیی توركه و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كات كه باوكی خانمه گۆرانیبێژی ئینگلیز( ئه‌دیل)ه و پێش زیاتر له 28 ساڵ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دایكی ئه‌و كچه هونه‌رمه‌نده‌دا هه‌بووه.
ئاسار قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌یه‌كی توركی كردووه و گوتوویه‌تی" ساڵی 1988 (بینی ئادكینز) كه دایكی ئه‌دیله بۆ به‌سه‌ربردنی پشوو هاتووه‌ته شاری بۆدرووم له باشووری رۆژئاوای توركیا، منیش ئه‌وكاتانه شۆفێری تاكسی بووم، من دایكی ئه‌دیل و هاورێكانیم به ناو شاردا ده‌گێڕا".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" دوای ماوه‌یه‌ك دایكی ئه‌دیل گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ له‌نده‌ن و منیش په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵی نه‌ماوه، به‌ڵام هیچ كاتێك له‌بیرمنه‌كردووه و هه‌میشه له‌یادم بووه، ئه‌وكاتیش ئه‌و هاوسه‌رگیری نه‌كردبوو".
محه‌مه‌د ئاسار كه ئێستا وه‌ك مۆزیكژه‌ن له شاری بۆدرووم كارده‌كات، دڵنیایه له‌وه‌ی كه باوكی ئه‌دیله و داواده‌كات پشكنینی (DNA) بۆبكرێت تا قسه‌كانی بسه‌لمێنێت".
ئاسار ده‌ڵێت" ئه‌و وێنانه‌م پاراستووه كه له‌گه‌ڵ دایكی ئه‌دیل پێكه‌وه بووین، لێكچوونی زۆر له نێوان من و ئه‌دیل هه‌یه، به‌تایبه‌تی جوڵه‌كانی له‌سه‌ر شانۆ له كاتی گۆرانی گووتنیدا، جگه له‌وه‌ش شێوه‌ی ده‌م و چاوی له من ده‌چێت".
ئه‌و پیاوه توركه قسه‌كانی به‌وه كۆتایی پێهێناوه و گوتوویه‌تی" له پشت وروژاندنی ئه‌م بابه‌ته‌وه هیچ شتێكم ناوێت و چاوه‌روانی هیچ نیم، ته‌نها ده‌مه‌وێت "كچه‌كه‌م" راستییه‌كه بزانێت".
پێشتر گۆرانیبێژی ناوداری بریتانی (ئه‌دیل) رایگه‌یاندووه" به بنه‌چه توركی_ ئیسپانی – ئینگلیزم، بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاریی له‌باره‌وه بڵێت و مانای ئه‌و قسه‌یه روونبكاته‌وه".