ترامپ زرێپۆش و ئۆتۆمبێلى سه‌ربازى ده‌به‌خشێته‌ هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات

ته‌ڵاڵ سڵو: ئه‌وه‌ يه‌كه‌م جاره‌ به‌و جۆره‌ پشتيوانى سه‌ربازيمان پێده‌گات.

K24 – هه‌ولێر:

هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى رايگه‌ياند، پشتيوانى زياترى ئه‌مريكايان به‌ده‌ستگه‌يشتووه‌.

ته‌ڵاڵ سڵو، گوته‌بێژى هاوپه‌يمانى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانيدا رايگه‌ياند، پێش چه‌ند رۆژێك شه‌ڕڤانانى كورد ژماره‌يه‌ك ئۆتۆمبێل و زرێپۆشى سه‌ربازييان به‌ده‌ستگه‌يشتووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى فراوانكردنى پشتيوانييه‌كانى ئه‌مريكايه‌ بۆ كوردى سووريا له‌ سه‌رده‌مى دۆناڵد ترامپدا.

سڵو، روونيكرده‌وه‌، ژماره‌يه‌ك زرێپۆش و ئۆتۆمبێلى گواستنه‌وه‌ى سه‌رباز پێش چوار، پێنج رۆژ گه‌يشتووه‌ته‌ ده‌ستمان.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، هه‌رچه‌نده‌ پشتيوانييه‌كه‌ له‌ ئاستى گه‌وره‌يى شه‌ڕه‌كه‌دا نييه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تايه‌كى گرنگه‌ و ئه‌وه‌ يه‌كه‌م جاره‌ به‌و جۆره‌ پشتيوانى سه‌ربازيمان پێده‌گات.

گوته‌بێژى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات روونيشيكرده‌وه‌، هێزه‌كانيان له‌ دژى داعش ئۆپراسيۆنێكى نوێى سه‌ربازى له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا ده‌ستپێده‌كه‌ن.

يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌) و يه‌كينه‌كانى پاراستنى ژنان (يه‌په‌ژه‌)، هێزى سه‌ره‌كى ناو هاوپه‌يمانێتى هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتن.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا سه‌رچاوه‌يه‌كى به‌رپرس له‌ هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات به‌ ئاژانسى رۆيته‌رزى رايگه‌ياندووه‌، قۆناغى داهاتووى شه‌ڕى ره‌ققه‌ بريتى ده‌بێت له‌ گه‌مارۆدانى ره‌ققه‌ و پچڕاندنى په‌يوه‌ندى داعش به‌ ده‌ره‌وه‌ى ره‌ققه‌وه‌، به‌ تايبه‌تى رێگه‌ى سه‌ره‌كى نێوان ره‌ققه‌ و دێرزوور و ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكى سه‌خته‌.

رۆيته‌رز بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، پێشتر شيكارانى سياسى ئاماژه‌يان بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردايه‌، يان هاوكارى سه‌ربازى له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ پته‌وتر ده‌كات، ياخود به‌ پێچه‌وانه‌ى ويستى توركياوه‌، هاوكارى زياترى هێزى كورد له‌ سووريا ده‌كات و يارمه‌تييان ده‌دات بۆ شه‌ڕى ره‌ققه‌. هه‌رچه‌نده‌ ترامپ خواستى خۆى بۆ باشتركردنى په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ربڕيوه‌، به‌ڵام هاوكات جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆر پێويسته‌ هاوكارى زۆرترى ئه‌و هێزانه‌ بكرێت له‌سه‌ر خاكى سووريا به‌ كرده‌وه‌ شه‌ڕى داعش ده‌كه‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌نقه‌ره‌ ره‌تيده‌كاته‌وه‌ هاوكارى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل كه‌ هێزى كوردييه‌ له‌ سووريا بكرێت بۆ رزگاركردنى ره‌ققه‌، به‌و پێيه‌ى بڕواى وايه‌ يه‌كينه‌كان درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردسانن و داواشى له‌ واشنتن كردبوو، پشتيوانى له‌ هێزه‌ كوردييه‌كان رابگرێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌ حكومه‌تى ئه‌مريكا كورد به‌ هێزى هه‌ره‌ كاريگه‌ر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له‌قه‌ڵه‌مده‌دات.

سه‌رچاوه‌: رۆيته‌رز، رووسياليه‌وم.

ئ.ه