بارزانی داوای زه‌مانه‌ت ده‌كات

بۆ دووبارنه‌بوونه‌وه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كان به‌سه‌ر گه‌لی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی كرد كه‌ پێكهاتبوو له‌ عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ و نوێنه‌ری پارتی سیاسییه‌كانی ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌.

مه‌سعود بارزانی، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ باڵایه‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراق، ئاماژه‌ی به‌و نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتانه‌ كرد كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتوون، له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق تاكو 2003.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌و پێشێلكارییانه‌ش كرد كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كوردستان كراون، له‌ رووخانی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2003 .

بارزانی راشیگه‌یاند، گه‌لی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقێكی تازه‌ داوه‌، به‌ڵام وه‌كو قۆناغه‌كانی پێشوو، كار بۆ تێكدانی شه‌راكه‌ت و پێشێلكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و زاڵكردنی زمانی زۆرینە و دواجار بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان كرا.

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ عه‌ممار حه‌كیم ده‌كات
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ عه‌ممار حه‌كیم ده‌كات

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەم هۆكارانە بوو بە هۆی نەمانی متمانە و قووڵبوونەوەی كێشەكان، بۆیە هەر چارەسەرێك هەبێت دەبێ بەشێوەیەك بێت كە كۆتایی بە سەرهەڵدانەوەی كارەسات و نەهامەتییەكان لەدژی گەلی كوردستان بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، عەممار حەكیم, سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی, پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سوپا و هێزەكانی عێراقی كرد لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش و یەكڕیزی و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی لە ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ بەرز نرخاند.

هاوكات پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراقی نيشاندا لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ.

عه‌ممار حه‌كيم، ئاماژه‌ى بە مێژوو و ئەزموونی هاوبەشی لایەنەكان لە دژایەتیكردنی دیكتاتۆريدا كرد و ئاماژه‌ی به‌و ئاسته‌نگ و دەرفەتانەش كە ئێستا لەبەردەم لایەنە عێراقییەكاندا هەیە.

كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی، له‌گه‌ڵ شاندی باڵای هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراق
كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی، له‌گه‌ڵ شاندی باڵای هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراق

هه‌روه‌ها جەختی لەوەشكردەوە, پێویستە پێداچوونەوە هەبێت لە پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و هاوپەیمانێتیی نیشتیمانی و خاڵە لاوازەكان و كەموكورتی و كێشەكان چارەسەر بكرێن و ئەوەیش لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی تەسویەی سیاسی و پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی سیاسی و حكوومی و حیواری بەردەوام بۆ لەیەكنزیككەوتنەوە و جێگیركردنی بنەما سەرەكییەكانی عێراقی تازە كە هەموو لایەك تێیدا هاوبەشن.

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراق، ئاماژه‌ی بە سەردانە مێژووییەكەی بارزانی و شاندی باڵای كوردستانی كرد بۆ بەغدا له‌ مانگی ئەیلوول/ سێپتێمبه‌ری 2016 و رایگەیاند, هاتنیان بۆ كوردستان بەدواداچوونی ئەنجامەكانی سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدایە.

عه‌ممار حه‌كیم، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئەزموونی هەماهەنگیی سەربازی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و شەڕی تیرۆر و مێژووی خەباتی هاوبەش پاڵنەری سەرەكین بۆ لەیەكترنزیكبوونەوە و چارەسەركردنی كێشەكان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌ندامانی شانده‌كه‌، كه‌ نوێنه‌ری لایه‌ن و پارته‌ سیاسییه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی نیشتمانی بوون، سه‌رنج و تێبینی پارته‌ سیاسییه‌كانی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، خسته‌ڕوو.

 

سه‌رچاوه‌: وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان