خۆپیشاندانەكەی بەغدا توندوتیژی لێكەوتەوە

موقتەدا سەدر گلۆپی سەوزی بۆ لایەنگرانی پێكرد بۆ ئەوەی بچنە ناو گەڕەكی سەوز
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی لایەنگرانی سەدر بۆ گۆڕینی كۆمیسیونی باڵای ھەڵبژاردنەكان توندوتیزی لێكەوتەوە، پاش ئەوەی خۆپیشاندەران نزیكی ناوچەی سەوز بوون.

خۆپیشاندان لەسەر داوای موقتەدا سەدر رێكخراوە كە ئامانجی سەرەكی خۆپیشاندانەكەشی گۆڕینی دەستەی كۆمیسیونی باڵای ھەڵبژاردنەكانە و پێیان وایە لەسەر بنەمای حزبایەتی دانراون و ھەر بەم شێوەیەش كار دەكەن.

 پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند گوتی خەڵكێكی یەكجار زۆر لە سەر داوای موقتەدا سەدر لە پارێزگەكانی دیكەی عێراق روویان كردۆتە بەغدا بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانی ملیۆنی. خۆپیشاندەران داوای گۆڕینی ئەندامانی دەستەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن.

ھەر لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان، موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەكدا گلۆپی سەوزی بۆ لایەنگرانی پێكرد بۆ ئەوەی بچنە ناو گەڕەكی سەوز.

لایەنگرانی سەدر لە مانگی نیسانی 2016 لە خۆپیشاندانیكی ھاوشێوە چوونە ناو ناوچەی سەوز و بینای پەرلەمانیان داگیر كرد. بەڵام دواتر كشانەوە.

بەیاننامەی سەدر لە ناوچەی تەحریر خوێندرایەوە، كە تێیدا پشتگیری خۆی بە بژاردەكانیان دەربڕی.

ھێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسك رێژ ھەوڵی بڵاوە پێكردنی خۆپێشاندەران دەدەن و بە ھۆیەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر برینداربوون.

ھەر لە بارەی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی بەغدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ پێداگری لەسەر مافی‌ خۆپیشاندانی‌ ئاشتیانه ‌و پاراستنی ئاسایش و ئارامی‌ هاووڵاتیان و ھەروەھا ماڵ و مولكی گشتی و تایبەتی كرده‌وه‌.

ھەر ئەمڕۆ ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن موحسین موسەوی لەسەر داوای خۆپیشاندەران دەستی لەكار كشایەوە.

بڕیارە رۆژی 16 ئەیلولی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوە بچێت، بەڵام ھێشتا دیار نییە لە ھەموو پارێزگاكانی بەڕێوە دەچێت یان نا.

لە لایەكی ترەوە جێگری سەرۆك كۆمار ئەیاد عەلاوی پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاند و گوتی سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم جیدی نییە.

كوردستان24 دیمەنی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی بەغدا و رووداوەكانی راستەوخۆ بۆ بینەرانی دەگوازێتەوە.

JS