كێشه‌كانی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق شه‌ڕه‌كه‌ گه‌رمترده‌كات

بۆچی عێراق پێویستی به‌ یاسایه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌

K24 - ھەولێر

یاسای ھەڵبژاردن لە عێراق بووە مژاری سەرەكیی ئەم وڵاتە پاش ئەوەی لە خۆپیشاندانی رۆژی شەممەی رابردوو 5 خۆپیشاندەر كوژران و 174 دیكەش بریندار بوون.

موقتەدا سەدر لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی ھاوپەیمانی نیشتمانی عەمار حەكیم رایگەیاندووە بە مەرجی گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن، لە ھاوپەیمانی نیشتمانی دەمێنێتەوە.

یاسای ھەڵبژاردنی عێراق لە ساڵی 2005 دانراوە و گۆڕانكارییەكی كەمی تێیدا كراوە. لە ساڵی 2010  و 2014 لە لیستی تەواو داخراو بۆ لیستی نیوەداخراو گۆڕا و عێراق لە یەك بازنەی ھەڵبژاردن كرایە 18 بازنە، بە ھۆیەوە ھەر پارێزگایەك بووە بازنەیەكی ھەڵبژاردن، كە بە سیستەمی سانت لیگۆ ناسراوە.

بە پێی ئەم سیستەمە دەنگدەر لە ناو لیستەكەدا دەنگ بە پاڵێوراوێك دەدات و ئەگەر پاڵێوراوەكە دەنگی پێوێستی بەدەست نەھێنا، ئەوە دەنگەكانی بۆ پاڵێوراوێكی دیكەی لیستەكەی دەچێت كە زیاتر لە ئەو دەنگی ھێناوە.

گەورەترین كەموكورتی ئەو سیستەمە ئەوەیە كە رێگە بە پاڵێوراوان دەدات دەنگی زیاتر لە ژمارەی پێویستی بۆ سەركەوتن بە دەست بھێنن و دەنگەكانی زیادەشی بەسەر پاڵێوراوانی دیكەی لیستەكەی دابەش دەكرێت. ھەر ئەو كارە دەبێتە ھۆی سەركەوتنی پاڵێوراوانی دیكە بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، سەرباری ئەوەی كە بۆ خۆیان دەنگی پێویستیان بەدەست نەھێناوە. لە بەرامبەردا پاڵێوراوانی دیكە لە لیستەكانی دیكە بە بوونی ھەزاران دەنگی زیاتر دەدۆڕێنن.

رەوتی سەدر ھەرچەندە بە ھەموو شێوەیەك گوشارەكانی بەگەڕ خستووە بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە، كە دواترینیان خۆپیشاندانی ملیۆنی رۆژی شەممە 11 شوباتی 2017 لە بەغدا بوو، بەڵام ھیچ پرۆژە یاسایەك بۆ جێگرتنەوە پێشكەش نەكردووە.

گوتەبێژی رەوتی سەدر جەواد جبووری لەمبارەوە بە "المۆنیتۆر"ی رایگەیاند سەرۆكایەتی رەوتی سەدر لیژنەیەك لە پسپۆرانی یاسایی پێكھێناوە بۆ دیراسەكردنی ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و چەندین پێشنووس بو گەنگەشەكردن پێشكەش كراون.

گوتیشی "چەندین ھێڵی بەرفراون ھەن بۆ یاسایی كردنی یاسای نوێی ھەڵبژاردن لە چەندین بازنەی ھەڵبژاردن و ھەڵبژاردنی كەسەكان راستەوخۆ، یان لیستی بە تەواوەتی كراوە.

 

ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردن، ئەرشیڤ
ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردن، ئەرشیڤ

سەدر لە گوتاری رۆژی ھەینی 23 ئەیلولی 2016 بە توندی ھێرشی كردە سەر یاسای ھەڵبژاردن و بە نادادپەروەرانە وەسفیكرد و داوای گۆڕینی ئەو كەسانەشی كرد كە پێی وایە گەندەڵن.

بە پێی دەستووری عێراق ھەر كورسییەكی پەرلەمان بۆ 100 ھەزار دانیشتووی ئەم وڵاتە دیاری كراوە. بە پێی داتای وەزارەتی پلاندانان بۆ ژمارەی دانیشتوانی عێراق پێویستە پەرلەمانی ئەم وڵاتە 351 پەرلەمانتاری ھەبێت، لە كاتێكدا بە پێی یاسای ھەلبژاردن 329 پەرلەمانتاری ھەیە.

عەمار حەكیم ھەر ئەو رۆژە رەزامەندیی لەسەر مەرجەكەی سەدر پیشاندا كە سەرباری گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن 13 مەرجی دیكەشی خستبووە روو.

ئەندامێكی دیكەی ھاوپەیمانی نیشتمانی رادەگەینێت "ھاوپەیمانی رەزامەندیی لەسەر مەرجی سەدر پیشانداوە، ھیچ ئاستەنگیك نییە بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن". ئاماژە بەوەش دەدات "ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن پێویستە بە رەزامەندیی تەواوی لایەنە سیاسییەكان بێت و دادپەروەر و رەنگدانەوەی خواستی گەلی عێراق بێت".

دەستەی سیاسی رەوتی سەدر ھەوڵ دەدات بازنەكانی ھەڵبژاردن زیاتر بكات، ھەر وەك ئەندامیكی سەركردایەتی رەوتەكە بە "المۆنیتۆر"ی راگەیاند.

بەڵام رەوتی مەدەنی كە پشتگیری لە مەرجی سەدر دەكات، داوای كردووە "عێراق بكرێتە یەك بازنەی ھەڵبژاردن و بە سیستەمی لیستی كراوە بێت و بە باشترین میتۆد دەزانێت بۆ دابەشكردنی دەنگەكان بە سەر پاڵێوراوان". پێشی وایە "فرە بازنەیی بڵاوە بە دەنگی دەنگدەران دەكات و گرەنتی یەكسانیش ناكات".

JS