سەدرییەكان رژانە سەر شەقامەكانی بەغدا

بە ھەزاران كەس بەشداری خۆپیشاندانەكە بوون
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بە ھەزاران لایەنگری سەدر و زۆرێك لە خەڵكی دیكە رژانە سەر شەقامەكانی بەغدا و لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی شارەكە گردبوونەوە.

پێش ئەوەی خۆپیشاندان دەستپێبكات، ھێزە ئەمنییەكان تەواوی شەقامەكانی بەرەو گۆڕەپانی تەحریریان بە رووی ھاتوچووی ئۆتۆمبێل داخست و دەستیان بە پشكنینی وردی تەواوی ئەو كەسانەیان كرد كە بەرەو گۆڕەپانی تەحریر دەچوون.

پەیامنێری كوردستان24 لەناو خۆپیشاندەران رایگەیاند چواردەوری گۆڕەپانی تەحریر داخراوە.

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی بەغدا ھەفتەیەك پاش كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردووی لایەنگرانی سەدر دێت، كە لەسەر داوای موقتەدا سەدر دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و داوای گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنیان كرد.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند لە خۆپیشاندانی رۆژی شەممەی رابردوو 5 خۆپیشاندەر كوژران و 174 دیكەشی برینداربوون.

لە میانەی خۆپیشاندان رۆژی شەممە 11 شوباتی 2017 پەیامێكی سەدر خوێندرایەوە و تێیدا گلۆپی سەوزی بۆ لایەنگرانی پێكرد بۆ ئەوەی بچنە ناوچەی سەوز و دواتر تونوتیژی لێكەوتەوە.

JS