ئیسرائیل: نامانه‌وێ تیرۆری ئێران جێگه‌ی داعش و نوسره بگرێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، ئاماژه به رۆڵی رووسیا ده‌كات له شه‌ڕكردن له دژی داعش و هاوكات هۆشداری ئه‌وه‌ش ده‌دات، نابێت تیرۆری ئێران، جێگه‌ی داعش و نوسره له عێراق و سووریا بگرێته‌وه.
نه‌ته‌نیاهو، له‌ماوه‌ی 18 مانگدا، چواره‌م سه‌ردانی خۆی بۆ رووسیا ئه‌نجامدا و له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا كۆده‌بێته‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، شه‌ڕی تیرۆر و ئێران، گفتوگۆی سه‌ره‌كی نێوانییان بووه.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، نه‌ته‌نیاهو رایگه‌یاندووه، شه‌ڕی هاوبه‌ش له دژی تیرۆر، هه‌مووانی یه‌كخستووه و گوتی: "له ماوه‌ی ساڵی رابردوو، تێبینیمان كردووه دژایه‌تی سه‌ختی تیرۆری داعش و قاعیده ده‌كرێت و رووسیاش رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه".
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌شڵێت: "نامانه‌وێ تیرۆر و توندڕه‌وی به سه‌ركردایه‌تی ئێران، شوێنی تیرۆری داعش و قاعیده بگرێته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئێران هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ ئه‌وه چڕكردووه‌ته‌وه و به‌رده‌وامیشه له‌وه‌ی جێگه‌ی خۆی له‌ناوچه‌كه قایمتر بگات و گوتی: "ئه‌و تیرۆره‌ی ئێران سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، ته‌نها هه‌ڕه‌شه نییه بۆ سه‌ر ئیسرائیل، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ته‌واوی جیهان".
رۆژنامه‌ی هائارتسی ئیسرائیلیش بڵاویكردووه‌ته‌وه، نه‌ته‌نیاهو هه‌وڵده‌دات، له هه‌ر رێككه‌وتنێك له باره‌ی سووریاوه بكرێت، به‌ندێكی تایبه‌ت بێت به كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێران له سووریا.