هه‌سه‌ده: ئه‌مريكا بۆ چه‌ند ده‌يه‌يه‌ك له سووريا ده‌مێنێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده)، كه هاوپه‌يمانى ئه‌مريكايه له شه‌ڕى دژ به داعش له سووريا رايگه‌ياند، هێزه ئه‌مريكاييه‌كان بۆ ماوه‌يه‌كى درێژ له سووريا ده‌مێننه‌وه.
ته‌ڵاڵ سه‌لو گوته‌بێژى هه‌سه‌ده به رۆيته‌رزى راگه‌ياند، هه‌سه‌ده له‌و بڕوايه‌دايه ئه‌مريكا به‌رژه‌وه‌ندى ستراتيژى له مانهوهيدا هه‌يه و بۆ ماوه‌يه‌كى درێژ له دواى شه‌ڕى داعش له باكوورى سووريا ده‌مێنێته‌وه.
گوتيشى: به دڵنياييه‌وه ئه‌وان سياسه‌تى ستراتيژى خۆيان بۆ ده‌يان ساڵى ئاينده هه‌يه و رێككه‌وتنى دوورمه‌وداى سه‌ربازى و ئابوورى و سياسى له نێوان سه‌ركردايه‌تى ناوچه‌كانى خۆبه‌ڕێوبه‌رى باكوورى سووريا و ئيداره‌ى ئه‌مريكا هه‌يه.
ئه‌مريكا به شێوه‌يه‌كى چڕ‌وپڕ هاوكارى هه‌سه‌ده ده‌كات و سه‌رچاوه‌ى پشتيوانى سه‌ربازى ئه‌و هێزه‌يه كه له ئێستادا رێبه‌رايه‌تى شه‌ڕى ره‌ققه له دژى داعش ده‌كات.
له لايه‌ن خۆيه‌وه كۆڵۆنێڵ ريان ديلون، گوته‌بێژى هاوپه‌يمانێتى دژى داعش رايگه‌ياند، ته‌نانه‌ت دواى شكستى داعش له ره‌ققه زۆر شه‌ڕ هه‌ن كه رووده‌ده‌ن به تايبه‌تى له مۆڵگه‌كانى داعش له دۆڵى فوراتى سه‌ر به پارێزگاى دێرزوورى باشوورى خۆههڵاتى ره‌ققه.
له 2011ه‌وه يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه)، كه هێزێكى سه‌ره‌كى شه‌ڕى دژ به داعشه و سه‌ركردايه‌تى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات ده‌كات ده‌ستيگرتووه به‌سه‌ر ناوچه‌يه‌كى به‌رفراوانى باكوورى سووريادا و ئيداره‌يه‌كى خۆبه‌ڕێوبه‌رى له ناوچه‌كه پێكهێناوه.
ئه‌و هێزه به درێژايى 400 كيلۆمه‌تر ناوچه سنوورييه‌كانى نێوان سووريا و توركياى كۆنترۆڵكردووه.
پشتيوانيكردنى ئه‌و هێزه له لايه‌ن ئه‌مريكاوه بووه‌ته خاڵى جێى ناكۆكى نێوان ئه‌مريكا و توركيا.
توركيا به‌رده‌وام ئه‌و هێزانه به درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستانى قه‌ده‌غه‌كراو ده‌زانێت، كه توركيا به تيرۆريست لهقهڵهميان ده‌دات.
ته‌ڵال سه‌لۆ، ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه، كه ئه‌مريكا ده‌مێنێته‌وه و ئه‌و هه‌موو هاوكارييه‌ى بێ به‌رامبه‌ر نييه و سه‌رنجى بۆ ئه‌وه راكێشا كه ده‌كرێت له داهاتوودا باكوورى سووريا ببێته جێگره‌وه‌ى بنكه‌ى ئاسمانى ئه‌نجه‌رليكى توركيا.