ناتانياهۆ: هه‌ژموونى ئێران له سووريا مه‌ترسييه بۆ سه‌ر ناوچه‌كه و جيهان
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيسرائيل، بنيامين ناتانياهۆ رايگه‌ياند، درێژبوونه‌وه‌ى هه‌ژموونى ئێران بۆ سووريا ده‌بێته مهترسييهكى هه‌رێمايه‌تى و جيهانى.
سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيسرائيل، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ده‌زگاى مۆساد سه‌ردانى شارى سوچى له رووسيا كرد.
كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندنى ئيسرائيل، بڵاويانكرده‌وه، ئامانج له سه‌ردانه‌كه تاوتوێكردنى په‌لكێشانى ئێرانه له سووريا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى رووسيادا.
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا ناتانياهۆ له به‌رايى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى رووسيا ڤلاديمێر پوتندا رايگه‌ياند، پێشكه‌وتنى ره‌وشى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به شێوه‌يه‌كى خێرا و هه‌وڵه‌كانى ئێران بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى خۆى له سووريا به‌هێز بكات، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئيسرائيل و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جيهان به گشتيى.
ناتانياهۆ له‌و بڕوايه‌دايه، ئێران گه‌يشتووه‌ته قۆناغێكى پێشكه‌وتوو له پرۆسه‌ى ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ته‌واوى عێراق و يه‌مه‌ندا.
هه‌روه‌ها گوتيشى: ئێران به كرده‌وه و به ئه‌ندازه‌يه‌كى گه‌وره ده‌ستيگرتووه به‌سه‌ر لوبناندا.
سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيسرائيل روونيشكرده‌وه، هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كان بۆ له‌ناوبردنى داعش گرنگن، به‌ڵام پێويسته رێگه له‌وه بگيرێت بۆشايى داعش له لايه‌ن ئێرانه‌وه پڕبكرێته‌وه.
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، ئێمه ناتوانين چاو له‌وه بپۆشين، كه ئێران به‌رده‌وام و به شێوه‌ى رۆژانه هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوبردنى ئيسرائيل ده‌كات و رێكخراوه تيرۆريستييه‌كان ئاماده ده‌كات و هانى بڵاوبوونه‌وه‌ى زياترى تيرۆر ده‌دات.
سه‌رچاوه: رووسياليه‌وم.