سه‌رۆك بارزانى: گەلی كوردستان زمانی زۆرداری قبوڵ ناكات

ریفراندۆم سەرچاوەی كێشەكانی ئێستا نییە

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و ریش سپی و پیاوماقووڵانی دەڤەری بادینان كۆبۆوە و رايگه‌ياند، ریفراندۆم سەرچاوەی كێشەكانی ئێستا نییە بەڵكو سەرچاوەی كێشەكان بۆ ئەو هۆكارانە دەگەڕێتەوە كە هانی گەلی كوردستانی دا بڕیاری ڕیفراندۆم بدات. 

ڕۆژی شەممە 16ـی 12ـی 2017 لە شاری دهۆك سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و پیاوانی ئایینیی موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و ڕیشسپی و پیاوماقووڵانی دەڤەری بادینان كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و تێیدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی جەماوەری سەربەرز و تێكۆشەری كوردستان و دەڤەری بادینان كرد كە خۆڕاگرانە لەبەردەم تەحەدیاتدا وەستاون و لە شەڕی تیرۆردا قوربانییان دا و لە پڕۆسەی ریفراندۆمیشدا ئیرادە و هیمەت و هەوڵی خۆیان بە شێوەیەكی ئاشتییانە و دیموكراتی پێشانی هەموو جیهانیان دا.

لە درێژەی وتەكەی دا سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر بایەخی ڕیفراندۆم و بە رووداو و دەستكەوتێكی گرنگی گەلی كوردستان هەژماری كرد.

سەرۆك بارزانی باسی لەوەیش كرد كە ریفراندۆم سەرچاوەی كێشەكانی ئێستا نییە بەڵكو سەرچاوەی كێشەكان بۆ ئەو هۆكارانە دەگەڕێتەوە كە هانی گەلی كوردستانی دا بڕیاری ڕیفراندۆم بدات.

سەرۆك بارزانی باسی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقی لە ساڵانی رابردوو و ئێستا كرد كە تێیدا بە ئاشكرا شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پێشێل كرا و هەر ئەوانەی كە ئێستا بوونەتە بەرگریكاری دەستوور و بە مەیلی خۆیان دەستوور تەفسیر دەكەن پێشێلكاری دەستووری عێراق بوونە و هۆكاری ئەو بارودۆخە نالەبارن كە لە عێراقدا هەیە.

هەر لەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی وردەكارییەكانی خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەری بۆ ئامادەبووان شیكردەوە و تیشكی خستەسەر هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كاردانەوەكانی بەغدا لە بەرامبەر ریفراندۆم.

سەرۆك بارزانی جەختی لەوەشكردەوە كە لەگەڵ حیوار و گفتوگۆ و لێكتێگەییشتندایە، بەڵام لە هەمانكاتدا گەلی كوردستان زمانی زۆرداری قبوڵ ناكات، داوایشی كرد كە ئومێد و ئیرادەیان بەهێز بێت و دەبێ ئەو سەروەرییانەی گەلی كوردستان لە مێژوو و خەباتی خۆی تۆماری كردووە بە باشی بپارێزرێت و توندوتۆڵتر بكرێت بە تایبەت لە بابەتی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی گیانی برایەتی و ئازادی و یەكسانیی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان.