رۆژنامه‌یه‌ك ناوه‌ڕۆكی داوایه‌كی عه‌بادی له تره‌مپ ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌رده‌نی، ناوه‌ڕۆكی داوایه‌كی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا ده‌كات.
رۆژنامه‌ی "الغد"ی ئه‌رده‌نی بڵاویكردووه‌ته‌وه، عه‌بادی داوای له دۆناڵد تره‌مپ كردووه، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا، هاوكاری زیاتری وڵاته‌كه‌ی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له تیرۆریستان بكرێت و رێگه‌نه‌ده‌ن له‌و رێگه‌یه‌وه دزه‌بكه‌نه ناو خاكی عێراق.
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، عه‌بادی داوایه‌كی له كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا كرد، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ تره‌مپ ئه‌نجام بدات، دواتریش له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كردووه و تێیدا سه‌رنجیان خستووه‌ته سه‌ر ره‌وشی ئه‌منی عێراق.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، باس له ره‌وشی ناوچه‌كانی رۆژئاوای عێراق كراوه، كه هێشتا جموجۆڵی چه‌كدارانی داعشی تێدا ماوه.
رۆژنامه‌كه له زاری سه‌رچاوه تایبه‌ته عێراقییه‌كانییه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، عه‌بادی داوای هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتری كردووه بۆ ئه‌وه‌ی شكست به جموجۆڵه‌كانی چه‌كدارانی داعش و تیرۆریستان بهێنن له‌و ناوچه سنوورییانه.
رۆژنامه‌ی "الغد" ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، عه‌بادی توانستی هێزه عێراقییه‌كان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستان نیشانداوه، به‌ڵام داوای هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی هه‌واڵگری كردووه، له‌گه‌ڵ بۆردومانكردنی حه‌شارگه‌كانی داعش له‌ناو سووریا.
په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا له كاتێكدایه، كه مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه و هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش باس دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆی ساڵی 2014 ده‌كرێت، كه سوپای عێراق به‌بێ به‌رگری و ته‌قه شاری مووسڵ‌یان راده‌ستی چه‌كدارانی داعش كرد.
پێشتریش به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا هۆشدارییان له مه‌ترسییه‌كانی داعش داوه و رایانگه‌یاندووه، هێشتا شه‌ڕی داعش و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه كۆتاییان نه‌هاتووه.
ا. م