ساڵح موسليم: كۆيله‌ى كه‌س نيين و به‌رژه‌وه‌نديمان له‌گه‌ڵ كێ بێت ده‌بينه‌ هاوپه‌يمانى

ئه‌مه‌ريكا سته‌مێكى گه‌وره‌ى لێكردين

K24 – هه‌ولێر:

هاوسه‌رۆكى پێشووى پارتى يه‌كێتى ديموكراتى كوردى سووريا و به‌رپرسى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ته‌ڤده‌م، (ساڵح موسليم) رايگه‌ياند، "ئه‌مريكا سته‌مێكى گه‌وره‌ى لێكردين. ئێمه‌ش كۆيله‌ى هيچ لايه‌نێك نيين. به‌رژه‌وه‌نديمان له‌گه‌ڵ كێ بێت ده‌بينه‌ هاوپه‌يمانى، ئه‌گه‌ر بێت و حكومه‌تى ئه‌سه‌ديش بێت".

دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا به‌ داواكارى توركيا رازى بوو بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى (يه‌په‌گه)‌ و (هه‌سه‌ده)‌ له‌ شارى منبج بكشێنه‌وه‌، كه‌ ئه‌وان به‌ خوێنى خۆيان له‌ ده‌ست داعش رزگاريان كردبوو، به‌رپرسانى (په‌يه‌ده‌) له‌ ئه‌مه‌ريكا و به‌ڵێنه‌كانى نيگه‌رانن.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، هاوسه‌رۆكى پێشووى په‌يه‌ده‌، (ساڵح موسليم) له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌ڵمانى (DPA)، رايگه‌ياند، "په‌يوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگيمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا هه‌تا هه‌تايى نييه. ده‌كرێت گۆڕانى به‌سه‌ردا بێت".

به‌رپرسى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ته‌ڤده‌م، گوتيشى: "هه‌موو ده‌رگايه‌كى دۆستايه‌تى و هاوپه‌يمانى له‌به‌رده‌ممان كراوه‌يه‌؛ به‌ دۆستايه‌تيكردنى حكومه‌تى ديمه‌شقيشه‌وه"‌.

له‌ باره‌ى سه‌وداى ئه‌مه‌ريكا و توركيا سه‌باره‌ت به‌ (منبج)، (ساڵح موسليم) گوتى: "هيوادار بووين به‌و جۆر نه‌بێت.. به‌ڵام ئه‌وه‌ى روويدا روويدا، له‌ كۆتاييدا ئێمه‌ كۆنترۆڵى بڕيارى ئه‌مه‌ريكامان به‌ده‌ست نييه‌، ئه‌مه‌ريكاييه‌كان بڕيار به‌ گوێره‌ى به‌رژه‌وه‌ندى خۆيان ده‌ده‌ن. هه‌ر به‌و جۆره‌ ئێمه‌ش هاوپه‌يمانيه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديمانه‌. ئێمه‌ كۆيله‌ و خزمه‌تكارى كه‌س نيين. ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌نديمان له‌گه‌ڵ ئه‌مريكاييه‌كان بێت له‌گه‌ڵيان ده‌ڕۆين. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ رووسه‌كان بێت، له‌گه‌ڵيان ده‌ڕۆين و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌نديمان له‌گه‌ڵ ديمه‌شق بێت له‌گه‌ڵى ده‌ڕۆين".

هه‌روه‌ها له‌ باره‌ى سياسه‌تى ئه‌مه‌ريكا و "پشت كردنه‌ كورد له‌ پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ توركيا"، (ساڵح موسليم) گوتى: "ئه‌مه‌ريكا سازشى له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ كرد، كه‌ ئێمه‌ به‌ خوێنى خۆمان رزگارمان كردبوون، له‌ به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى له‌ توركيا. ره‌نگه‌ به‌رامبه‌ر ناوچه‌ى ديكه‌ له‌ سووريا و ده‌ره‌وه‌ى سوورياش ئه‌وه‌ى كردبێت. ئه‌وه‌ سته‌مێكى گه‌وه‌ره‌يه‌ له‌ ئێمه‌ كرا. دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌موو شتێك له‌ ئارادايه‌".

روونيشيكرده‌وه‌، "گوتارى (به‌شار ئه‌سه‌د) به‌رامبه‌ر به‌ (هه‌سه‌ده)‌ گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتووه‌ و دوو مانگ له‌مه‌و به‌ر وه‌ك تيرۆريست له‌قه‌ڵه‌مى ده‌داين و ئه‌مڕۆ داواى دانووستان ده‌كات، كه‌واته‌ هه‌ر لايه‌نێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى تێده‌كۆشێت".

ساڵح موسليم ئاشكراشيكرد، "ئه‌وان به‌ بێ هيچ مه‌رجێكى پێشوه‌خته‌ ده‌چنه‌ گفتوگۆوه‌ له‌گه‌ڵ ديمه‌شق".

رۆژى (4ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2018)، له‌ واشنتن، (مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ) وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، له‌گه‌ڵ (مايك پۆمپيۆ)، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا نه‌خشه‌ڕێگاى پاشه‌كشێى هێزه‌ كوردييه‌كانيان له‌ (منبج) واژوو كرد و به‌ گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌، ئه‌مه‌ريكا به‌ مه‌رجه‌كانى توركيا رازى بووه‌ بۆ نه‌هێشتنى هێزه‌ كوردييه‌كانى (يه‌په‌گه‌) له‌ شارى (منبج).

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى (الانباء)ى كوه‌يتى.

ئ.ر