کچێکی سعودی لەسەر باوەشکردن بە ماجد موهەندیس دوو ساڵ زیندانی دەکرێت
K24- ههولێر:
لە کۆنسێرتێکی ماجد موهەندیس لە شاری تائیفی سەر بە پارێزگای مەککە لە وڵاتی سعودییە، ژنێک لەبەر زۆری خۆشەویستی بۆ ئەو هونەرمەندە دیارەی عەرەب، رادەکاتە سەر ستەیج و باوەشی پێدادەکات.
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت، سەرەڕای هەوڵی رێگری پاسەوانان ، کچەکە خۆی دەگەیەنێتە گۆرانیبێژە عێراقییەکە و باوەشی پێدا دەکات.
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، کچەکە بە تۆمەتی هەراسانکردن دەستگیرکراوە و ئەگەر دادگا تۆمەتەکەی بەسەردا بسەپێنێت، ئەوا دەبێت نزیکەی 26 هەزار دۆلار وەک سزا بدات و دوو ساڵیش زیندانی بکرێت.
H.J