ته‌ڤده‌م خۆی به‌خاوەنی دۆسیەی كورد نازانێ

ئالدار خه‌لیل: كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووریا دەكەین

K24 - هه‌ولێر:

ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری تەڤدەم رایگەیاند، بەرلە چارەسەركردنی پرسی كورد، ئەوان كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووریا دەكەن.

ئالدار خەلیل، ھاوسەرۆكی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتیك تەڤدەم، بە ماڵپەری پەیەدەی راگەیاندووە: "بەڕێوەبەرایەتییەكەیان كار بۆ چارەسەركردنی گشتیی كێشەی سووریا دەكات بەرلە دۆسیەی كوردی".

 ئاماژەی بەوەش كردووە، چارەسەركردنی كێشەی سووریا ناكرێت تەنیا بۆ كورد بێت، بەڵكو دەبێت بۆ تەواوی پێكھاتەكانی سووریا بێت، ئەوان پرۆژەیەكیان بە ناوی نەتەوەی دیموكراتیك ئامادە كردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش كار دەكەن و دەخوازن تەواوی پێكھاتەكانی سووریا پێكبگەیەنن.

ئالدار خەلیل دانی بەوەدا ناوە كە خاوەن دۆسیەی كوردی نین لە سووریا، بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە، پێویستە دۆسیەی كوردیش بە رێگەی دانووستان چارەسەر بكرێت، ئەو دانووستانانەی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات لەگەڵ حكومەتی سووریا ئەنجامی داون، نەخشەرێگەی چارەسەركردنی گشت كێشەكان دیار دەكەن، لەنێویشیاندا پرسی كورد.