سوورياى ديموكرات‌‌: خولى دووه‌مى دانووستان له‌گه‌ڵ ديمه‌شق ئه‌نجامدرا

تايبه‌ت بووه‌ به‌ پرسى لامه‌ركه‌زى و ده‌ستوور

K24 – هه‌ولێر:

هاوسه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سوورياى ديموكرات، رياز درار، رايگه‌ياند، هه‌فته‌ى رابردوو شاندێكى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ سه‌ردانى ديمه‌شقيان كردووه‌ و خولێكى ديكه‌ى دانووستانيان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ديمه‌شق ئه‌نجامداوه‌.

درار، له‌ چاوپێكه‌وتنێكيدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى (رۆيته‌رز) گوتى: "خولى نوێى دانووستانه‌كان تايبه‌ت بووه‌ به‌ پرسى لامه‌ركه‌زى و ده‌ستوو".

گوتيشى: "گفتوگۆ درێژه‌ ده‌كێشێت و ديمه‌شق پێشنيازيكردووه‌، ناوچه‌ كوردييه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنى گشتييدا به‌شدارى بكه‌ن".

بڕياره‌ له‌ مانگى داهاتوودا پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى له‌ سووريا به‌ڕێوه‌بچێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌شى گوت: "هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات ده‌يانه‌وێت به‌ هه‌مان په‌يكه‌ربه‌ندى ئێستا و ده‌سه‌ڵاتى خۆبه‌ڕێوبه‌رييه‌وه‌ به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن".

درار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، حكومه‌تى ديمه‌شق ژماره‌يه‌ك پێشنيازى خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ پێشينه‌يان نه‌بووه‌.

جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، "پێويسته‌ سه‌ره‌تا بگه‌ينه‌ رێككه‌وتنێك له‌ باره‌ى پرسه‌ خزمه‌تگوزارييه‌كانه‌وه‌".

له‌ كۆتايى مانگى حوزه‌يرانى رابردوو، خولى يه‌كه‌مى دانووستانى نێوان ئه‌نجوومه‌نه‌ كوردييه‌كه‌ و حكومه‌تى سووريا به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانى ژماره‌يه‌ك ليژنه‌ى دانووستان له‌ ئاسته‌ جياوازه‌كاندا.

ئاژانسى رۆيته‌رز باسى له‌وه‌ كردووه‌، "هه‌سه‌ده‌ و ئه‌نجوومه‌نى سوورياى ديموكرات جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، جۆره‌ حوكمێكى زاتييان هه‌بێت و ناوچه‌كانى خۆيان به‌ڕێوه‌به‌رن".

رۆيته‌رز باسى له‌وه‌شكردووه‌، "ئه‌و دانووستانانه‌ پرسيارى زۆريان له‌ باره‌ى سياسه‌تى ئه‌مه‌ريكى له‌ سووريا درووستكردووه"‌.

به‌و پێيه‌ى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات گه‌وره‌ترين هاوپه‌يمانى ئه‌مه‌ريكا بوون له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعش له‌ سووريا.

به‌ گوێره‌ى زانيارى ئاژانسه‌كه‌، ئه‌مه‌ريكا دژى ئه‌وه‌يه‌ كورد له‌ سووريا بگاته‌ ئامانجه‌كانى خۆى و رازى نييه‌ هيچ جۆره‌ حوكمێكى زاتى هه‌بێت.

سه‌رۆكى سووريا به‌شار ئه‌سه‌د، له‌ مانگى ئايار/ مايۆى 2018دا رايگه‌ياند، "دوو رێگه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌سه‌ده‌دا هه‌ن، يان دانووستان يان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى".

هه‌سه‌ده‌ به‌ كرده‌وه‌ باڵى كێشاوه‌ به‌سه‌ر چاره‌كێكى رووبه‌رى خاكى سووريادا و له‌ ناوچه‌ كوردستانييه‌كاندا ئيداره‌يه‌كى خۆبه‌ڕێوبه‌رى دامه‌زراندووه‌.

سه‌رچاوه‌: رۆيته‌رز

ئ.ر