له گه‌رميان شاره‌وانى خرايه حاڵه‌تى ئاماده‌باشييه‌وه
K24 – گه‌رميان:
بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى درووستبوونى لافاو، له گه‌رميان تیمەکانی شارەوانی خرانە حاڵەتی ئامادەباشی.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى كه‌شناسى، له بەرزاییەکانی باکووری ناحیەی رزگاری و قه‌زاى کەلار هەوری سۆپەرسێڵ درووست بووە و ئەگەری بارانی بەهێز و لافاو هەیە.
كه‌شناسى روونيكردووه‌ته‌وه، مه‌ترسيى درووستبوونى لافاو لە سەرجەم چەم و دۆڵەکانی ناوچەکانی داودە، تیلەکۆ، قادرکەرەم، سەرکەل و کوردەمیر هه‌يه.
ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان پێشبینیيەكانی بۆ كەشوھەوای ئەمڕۆ و سبەی راگەیاند و بەپێی پێشبینیەكان، ئەمڕۆ ئاسمانی ھەرێمی كوردستان لە ھەندێك ناوچە نیمچە ھەور و لە ھەندێك شوێنیش ھەوری تەواو دەبێت و بارانبارین بە رێژەی جیاواز لە ناوچەكان تا سبه‌ى نيوه‌ڕۆ بەردەوام دەبێت.