"سه‌در رێگه‌ له‌ هاتنه‌دی خه‌ونه‌كه‌ی فه‌یاز ده‌گرێت"

ره‌وتی سه‌در هۆكاره‌كانی ئاشكرا نه‌كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی چاپی له‌نده‌ن كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27/10/2018 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاوپه‌یمانی بنیات به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری و نووری مالیكی، سووره‌ له‌سه‌ر كاندیدكردنی فالح فه‌یاز بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در هۆكارێك بۆ نه‌یارێتیان رابگه‌یه‌نن، به‌ چه‌ند هۆكارێكی نادیار، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ فه‌یاز بدرێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ناكۆكی نێوان كوتله‌كانی بونیاتنانه‌وه‌و چاكسازی له‌باره‌ی كاندیدكردنی فالح فه‌باز بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رده‌وامه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌یتوانی له‌ په‌رله‌مان تێیپه‌ڕێنێ، چونكه‌ موقته‌دا سه‌در، پاڵپشتیكاری هاوپه‌یمانی سائیروون ڤیتوی له‌ دژی به‌كارهێنا و ئێستا سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق خۆی به‌ وه‌كاله‌ت پۆسته‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، فالح فه‌یاز، كاندیدی هاوپه‌یمانی بنیات، به‌تایبه‌تی هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فه‌تحه‌، هێشتا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ بدرێته‌ فه‌یاز. به‌ڵام موقته‌دا سه‌در بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی رابگه‌یه‌نێت، به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڵوێستی خۆی و كاندیدكردنی ره‌تده‌كاته‌وه‌.

به‌ڵام لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ بێت فالح فه‌یاز له‌ هاوپه‌یمانێتی ‌نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی جیابووه‌ته‌وه‌و چووه‌ته‌ به‌ره‌ی فه‌تحه‌وه‌. به‌ڵام هێشتا ره‌وتی سه‌در هۆكارێكی دیاریكراویان ئاشكرا نه‌كردووه‌.

رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی فالح فه‌یاز له‌ هاوپه‌یمانێتی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، چانسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی له‌ عه‌بادی وه‌رگرته‌وه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یویست بۆ چوار ساڵی دیكه‌ش سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بێت.