"بودجه‌ی 2019 به‌ ئاسانی له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر نادرێت"

kurdistan24.net

K24 - به‌غدا:

رەوانەکردنی پرۆژە ياساى بودجەی گشتی عێراقی ساڵی 2019 بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێ ناچێت وا بە ئاسانی لە لایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگی لە سەر بدرێت، چونکە بە ھەمان شێوەی ساڵی 2018 داڕێژراوەتەوە و کەموکوڕیيەکانی چارەسەر نەکراون.

حکوومەتە کاربەڕێکەرەکەی عەبادی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی داڕشتبوو و حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدیش پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کرد تاکو دەنگی لە سەر بدەن، چاواڕانیش دەکرێت ھەر وا بە ئاسانی پەرلەمانتاران دەنگی لە سەر نەدەن چونکە بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان وەک ساڵی 2018 بە 12.67% خەمڵێندراوە.

 ھاوکات ھیچ زیادەیەک نەخراوەتە سەر بودجەی پارێزگای بەسره‌، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2018 لە سەر بنەمای 45 بۆ 55 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێك نەوت بووجە پەسەندکرابوو ، لە ساڵی 2019 نرخی یەک بەرمیل نەوت لە سەروی حەفتا دۆلارەوەیە و کەچی ھیچ گۆڕانکاريیەکی تێدا نەکراوە.

پاش ئەوەی لە ساڵی 2018 بوودجەی ھەرێم لە 17% کەمکرایەوە بۆ 12.67% و کاردانەوەی فراکسیۆنە کورديیەکانی لێکەوتەوە، رێکكەوتنێک کرا کە لەگەڵ بەشە بودجەی ھەرێم بڕی 317 ملیار دینار لە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و کەرکووك بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم دابین بکرێت، لەم پرۆژە نوێیەی بوودجەی ساڵی 2019 ئەمەش رووننەکراوەتە کە ئەو رێکكەوتنە چی بەسەر دێت.

پرۆژە بودجەی ساڵی 2019ی عێراق بە بڕی 98 تریلۆن دینار خەمڵێنراوە لە سەر بنەمای فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت بە 56 دۆلار، کە رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆنبەرمیل نەوت ھەناردە دەکرێت.