دادوه‌ریی عێراق له 7 ملیار دیناره "فه‌وتاوه‌كه" ده‌پێچێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق رایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌ی له فه‌وتانی 7 ملیار دینار له بانكی رافندهین ده‌ستپێكردووه، گوایه به هۆی بارانی به خوڕ و دزه‌كردنی ئاوه‌وه له‌ناوچووه.
دادوه‌ر عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، گوته‌بێژی فه‌رمی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 15ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2018 رایگه‌یاند، دادگای ره‌سافه ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته كردووه و رێكاری یاساییش به‌رامبه‌ر ئه‌وانه ده‌گرێته‌به‌ر، كه له رووداوه‌كه كه‌مته‌رخه‌مبوونه.
به‌یره‌قدار دووپاتیشی له‌وه كردووه، ئه‌و رووداوه تاوانه و هه‌موو ئه‌وانه لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، كه ده‌ستیان له ئه‌نجامدانیدا هه‌بووه.
پێشتر عه‌لی موحسین عه‌لاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق ئاشكرای كرد، به‌هۆی دزه‌كردنی ئاو و بارانی به‌خوڕ، له ساڵی 2013 نزیكه‌ی 7 ملیار دیناری عێراقی (زیاتر له 6 ملیۆن دۆلار)، له ناوچووه.
ئه‌و لێدوانه‌ی عه‌لی عه‌لاق، مشتومڕی زۆری له شه‌قامی عێراقی درووست كردووه و هاووڵاتییان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تووڕه‌یی خۆیان ده‌رده‌بڕن.
هاووڵاتییانی عێراق له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش وێنه‌ی 10 هه‌زار دینارییان بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه ده‌ستكاری كراوه.
10 هه‌زار دیناری عیراق، وێنه‌ی زانای عه‌ره‌بی، حه‌سه‌ن بن هه‌یسه‌می له‌سه‌ره و به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستكارییان كردووه و ئامێری هه‌ڵمژینی ئۆكسجینی بۆ دانراوه.
ئ. م