هه‌وڵێكی نوێ بۆ ته‌واوكردنی حكوومه‌تی عێراق ده‌درێت

په‌رله‌مانی عێراق بۆ متمانه‌دان به‌ 8 وه‌زیری دیكه‌ كۆده‌بێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4/12/2018 ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ دانیشتنێكی نوێدا هه‌وڵێكی  دیكه‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ته‌واو بكات و ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی هێشتا بێ وه‌زیرن متمانه‌ به‌ وه‌زیره‌كانیان بدرێت. ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ سێ دانیشتنی رابردوودا نه‌یانتوانی پۆسته‌ به‌تاڵه‌كانی حكوومه‌ت پڕبكه‌نه‌وه‌.

هۆكاری سه‌ره‌كی دیارینه‌كردنی وه‌زیره‌كانیش بۆ ناكۆكی نێوان هاوپه‌یمانی بنیاتی هادی عامری و نووری مالیكی له‌لایه‌ك و هاوپه‌یمانی چاكسازی و بونیادنانه‌وه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و عه‌مار حه‌كیم و حه‌یده‌ر عه‌بادی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن‌.

دانووستانی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌شت وه‌زیره‌، به‌هۆی ناكۆكی و نه‌گونجانیان، ته‌واوكردنی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ ماوه‌ی مانگ و نیوێك دواخست، هێشتاش هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ قایلكردنی لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی پشكه‌ وه‌زاره‌ییه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌خێرایی ئه‌و پرسه‌ تێپه‌ڕێنرێت و پرۆسه‌ی سیاسی راسته‌ڕێ بكرێت و مه‌ترسی ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ دوور بخرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ئه‌گه‌رێكی به‌هێز بوو.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و نه‌ریته‌ سیاسییه‌ی له‌ ساڵی 2003 له‌ عێراق په‌یڕه‌و ده‌كراو بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان پشتی پێ ده‌به‌سترا، به‌ روونی له‌ پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه‌دا دیار نییه‌ و رێككه‌وتنه‌كان وه‌ك ساڵانی رابردوو ئاشكرا نین.

هه‌موو چاوه‌كان له‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌ و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش رایگه‌یاندووه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دانیشتنێك بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ به‌تاڵه‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ساز ده‌كات.

دانیشتنه‌كه‌ كاتژمێر 12:00 به‌ كاتی به‌غدا ده‌ستپێده‌كات و ده‌نگ له‌سه‌ر كاندیدی پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی (به‌رگری، ناوخۆ، رۆشنبیری، داد، پلاندانان، خوێندنی باڵا، كۆچ، په‌روه‌رده‌) ده‌درێت.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی دزه‌یپێكراوه‌ته‌ ناو میدیاكان، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، فالح فه‌یاز بۆ وه‌زیری ناوخۆ، فه‌یسه‌ڵ جه‌ڕبا بۆ وه‌زیری به‌رگری، دادوه‌ر دارا نووره‌‌دین بۆ وه‌زیری داد، سه‌با ئه‌لتائی، بۆ وه‌زیری په‌روه‌رده‌، قوسه‌ی سوهێل بۆ وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، عه‌بدولئه‌میر حه‌مدانی بۆ وه‌زیری رۆشنبیری، نووری دلێمی بۆ وه‌زیری پلاندانان، هه‌نا گۆرگیس بۆ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران، پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌.