زێباری له‌باره‌ی شكستهێنانی حكوومه‌ت هۆشداریی ده‌دات

هوشیار زێباری: ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مان روویدا گوللـه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشتوتری دارایی عێراق، له‌باره‌ی شكستهێنانی حكوومه‌تی ئێستای عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، هۆشداریی ده‌دات.

پاش ئه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 4/12/2018 ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نه‌یتوانی ده‌نگ له‌سه‌ر كاندیدی هه‌شت وه‌زاره‌تی حكوومه‌تی نوێی عێراق بدات كه‌ هێشتا وه‌زیریان نییه‌ و شه‌ڕه‌ قسه‌ و ئاژاوه‌ له‌ په‌رله‌مان درووست بوو له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌، هوشیار زێباری ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه‌ نوسیوویه‌تی: "عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ تێپه‌ڕاندنی هه‌شت وه‌زیری نوێی حكوومه‌ته‌كه‌ی شكستیهێنا و نه‌یتوانی حكوومه‌ته‌كه‌ی ته‌واو بكات، هۆكاره‌كه‌شی خراپی پلاندانان و به‌دینه‌هاتنی ته‌وافوقی سیاسی پێویست بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌نجام بدرێت".

 هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "جه‌مسه‌ربه‌ندی توندی سیاسی شیعه‌كان و قوڵی قه‌یرانه‌كان و له‌رزۆكی پاڵپشتیی سیاسی كوتله‌كان بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ره‌و ئاراسته‌ی شكستهێنانی حكوومه‌تی ئێستا ده‌ڕوات و پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل و وڵاته‌".

زێباری ئاماژه‌ی ئه‌وه‌شی داوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عێراق روویدا، گولـله‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌و په‌یامێكی نیگه‌رانكه‌ره‌ و داهاتوو گه‌وره‌تر ده‌بێت".