به‌رپرسانى ئه‌مه‌ريكا باس له‌ به‌جێهشتنى سووريا ده‌كه‌ن

توركيا هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات و ئه‌مه‌ريكا هه‌سه‌ده‌ به‌جێ ده‌هێڵێت

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسى هه‌واڵده‌رى رۆيته‌رز له‌ زارى به‌رپرسانى ئه‌مه‌ريكاوه‌ بڵاويكرده‌وه‌، پرسى كشانه‌وه‌ى يه‌كجارى سوپاى ئه‌مه‌ريكا له‌ سووريا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ باسيان له‌وه‌ كردووه‌، له‌گه‌ڵ نزيكبوونه‌وه‌ى واده‌ى كۆتايهاتنى هه‌ڵمه‌تى سه‌ربازى ئه‌مه‌ريكا دژى داعش، ئه‌مه‌ريكا سه‌رجه‌م هێزه‌كانى له‌ سووريا ده‌كێشێته‌وه‌.

پێشتر وه‌زيرى به‌رگرى ئه‌مه‌ريكا، جيم ماتيس و گه‌وره‌ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ريكا باسيان له‌وه‌ ده‌كرد، بۆ ماوه‌يه‌كى درێژ له‌ سووريا ده‌مێننه‌وه‌.

كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مه‌ريكا له‌ سووريا له‌ كاتێكدايه‌، توركيا ئاماده‌كارى بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر باكوورى سووريا و كۆتايهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌ كوردييه‌كان له‌ رۆژئاواى كوردستان ده‌كات.

سوپاى ئه‌مه‌ريكا له‌ سووريا له‌و ناوچانه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل(يه‌په‌گه‌) و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده‌) دان.

ئه‌مه‌ريكا له‌ ماوه‌ى رابردوودا پشتيوانى و كۆمه‌كى سه‌ربازى پێشكه‌ش به‌ هه‌سه‌ده‌ و يه‌په‌گه‌ كردووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر شه‌ڕكردنيان دژى رێكخراوى داعش.

ئ.ر