شاره‌زايه‌كى ميسرى: سوپاى توركيا شوێنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌ سووريا ده‌گرێته‌وه‌

توركيا ده‌يه‌وێت ده‌ستبگرێته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ په‌يماننامه‌ى لۆزان له‌ 1923 له‌ ده‌ستى داوون
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

شاره‌زاى ميسرى و وانه‌بێژ له‌ په‌يمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و مێژووى جيهانى له‌ شارى نيجنى نۆڤگورودى رووسيى، عه‌مرو ديب، رايگه‌ياند، پيلانێكى فێڵبازانه‌ له‌ نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ره‌ هه‌يه‌ و دواى كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مه‌ريكا له‌ سووريا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

ئه‌و شاره‌زا ميسرييه‌ گوتيشى: دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا و ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركيا پلانێكيان به‌ نهێنى داڕشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى توركيا جێگه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌ سووريا بگرنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتى: به‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكييه‌كان له‌ منبج، سوپاى توركيا ده‌ستيكردووه‌ به‌ بۆردومانكردنى منبج.

روونيشيكرده‌وه‌، توركيا ده‌يه‌وێت ده‌ستبگرێته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ په‌يماننامه‌ى لۆزان له‌ 1923 له‌ ده‌ستى داوون و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌ك چۆن هێرشيكرده‌ سه‌ر عه‌فرين، به‌و جۆره‌ روو له‌ منبج ده‌كات.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ 2016ه‌وه‌ توركيا ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى بۆ داگيركردنى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ستپێكردووه‌. 

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو، (19ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسێمبه‌رى 2018) له‌ بڕيارێكى كتوپڕدا دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا بڕياريدا سوپاى وڵاته‌كه‌ى له‌ ناوچه‌ كوردييه‌كان و ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌سه‌ده‌ له‌ باكوورى سووريا و رۆژهه‌ڵاتى فورات بكێشێته‌وه‌.

كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مه‌ريكا و پشتكردنى له‌ هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ دواى ئه‌وه‌ دێت له‌ چه‌ند ساڵى رابردووى شه‌ڕى داعشدا، ئه‌و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، كه‌ زۆرينه‌ى ره‌هايان كوردن، شه‌ڕيان له‌ دژى داعش ده‌كرد.

كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مه‌ريكا له‌ سووريا له‌ كاتێكدايه‌ توركيا هێزه‌كانى له‌ نزيك منبج و حه‌له‌ب و ناوچه‌ سنوورييه‌كان كۆكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌شكركێشى بكاته‌ سه‌ر ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌سه‌ده‌ و كۆتايى به‌ ده‌سه‌ڵاتى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى هێزه‌ كوردييه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ بهێنێت.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا سێ سیناتۆری ئەمریکی دژی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا وەستانەوە و رایانگەیاند: کشانەوەی ئەمریکا لەم کاتەدا خیانەتە لە کورد.

ھەریەکە لە لیندزی گراھام سیناتۆری کۆمارییەکان و جاک رید و رۆبێرت مێنێندز لە دیموکراتەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوایان لە سەرۆکی ئەمریکا کرد گوێ لە راوێژی وەزارەتی بەرگری و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و فەرماندە سەربازییەکانی لە سوریا بگرێت و لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە.

لیندزی گراھام گوتى: شەڕی داعش کۆتای نەھاتووە و ئەم بڕیارەی سەرۆک ترەمپ ھەمان ھەڵەی باراک ئۆبامایە کە ساڵی 2011 سوپای ئەمریکای لە عێراق کشاندەوە.

وتیشی: ئەگەر سەرۆک بە بریارەکەیدا نەچێتەوە ھەمان سیناریۆی عێراق دووباەر دەبێتەوە.

ئه‌و سيناتۆرانه‌ ئاماژه‌يان بۆ ئه‌وه‌شكرد، كورد و هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ له‌ سووريا ده‌كه‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسى توركيا و به‌شار ئه‌سه‌د و داعش.

ئاماژه‌شيان بۆ ئه‌وه‌ كرد، توركيا كورد به‌ مه‌ترسيدارتر له‌ داعش له‌ قه‌ڵه‌مده‌دات.