هێلكه‌یه‌ك 44 ملیۆن لایكی تێپه‌ڕاند
K24 - هه‌ولێر:
پێشتر كایلی جینه‌ر، كه بچووكترین ملیاردێری جیهان و خوشكی كیم كارداشیانه، وێنه‌كانی زۆرترین لایكی هه‌بوو له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام، به‌ڵام ئێستا هێلكه‌یه‌ك ركابه‌ری ده‌كات و ژماره‌ی لایكه‌كانی زۆر تێپه‌ڕی كردووه.
هه‌ژمارێك له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام، به‌ناوی ژماره‌ی پێوانه‌یی جیهانی هێلكه، (World Record Egg)، وێنه‌ی هێلكه‌یه‌كی قاوه‌یی داناوه و له‌گه‌ڵیدا نووسیویه‌تی: "با ژماره‌ی پێوانه‌یی لایك بشكێنین كه ئێستا هی كایلی جینهره 18 ملیۆن لایكه و ریكۆردێكی نوێ تۆمار بكه‌ین".
وێنه‌كه له رۆژی 4ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2019 دانراوه، واتا سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، كه‌چی ژماره‌ی پێوانه‌ییه‌كه‌ی پێش خۆی شكاندووه و ژماره‌ی لایكه‌كانی تا ئێستا 44 ملیۆنی تێپه‌ڕاندووه، به‌مه‌ش بووه‌ته پاشا ئینستاگرام و چیدیكه وێنه‌ی خوشكه‌كه‌ی كارداشیان خاوه‌ن ریكۆرد نییه.
ئه‌و وێنه‌یه‌ی كایلی دایناوه و 18 ملیۆن لایكی هه‌یه، وێنه‌ی منداڵه ساواكهیهتی، له‌كاتێكدا كایلی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام خاوه‌ن 124 ملیۆن فۆڵۆوه‌ره، ئه‌كاونتی هێلكه‌كه‌ش ته‌نها 6.7 ملیۆك فۆڵۆوه‌ری هه‌یه.
تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام، له مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2010 بڵاوكرایه‌وه و تایبه‌ته به وێنه و كورته ڤیدیۆیی، دواتر له‌لایه‌ن كۆمپانیای فه‌یسبووك كڕایهوه و په‌ره‌ی زیاتری پێدا.