ئه‌ردۆغان: چوار مليۆن په‌نابه‌رى سووريا له‌ "ناوچه‌ى ئارام" نيشته‌جێ ده‌كه‌ين

ده‌يه‌وێت ناوچه‌يه‌كى ئارام له‌ باكوورى سووريا دابمه‌زرێنێت

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، رايگه‌ياند، "وڵاته‌كه‌ى ده‌يه‌وێت ناوچه‌يه‌كى ئارام له‌ باكوورى سووريا دابمه‌زرێنێت به‌ مه‌به‌ستى نيشته‌جێكردنى چوار مليۆن په‌نابه‌رى سووريى، كه‌ له‌ ئێستادا له‌ خاكى توركيان".

له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى دامه‌زراندنى تۆڕى هاوكارى كۆمه‌ڵه‌كانى مانگى سوور و خاچى سوور، كه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، "تا ئێستا توانيويانه‌ 300 هه‌زار په‌نابه‌رى خه‌ڵكى سووريا بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌يان و له‌و ناوچانه‌ نيشته‌جێيان بكه‌ن، كه‌ له‌ تيرۆريستان پاكيان كردووه‌ته‌وه‌، وه‌ك شاره‌كانى ئه‌عزاز، جه‌رابلووس، باب، عه‌فرين و ئه‌گه‌ر ناوچه‌ى ئاراميش درووستبكرێت، ئه‌وا چوار مليۆن په‌نابه‌رى سووريا ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ و له‌وێ نيشته‌جێيان ده‌كه‌ن".

سه‌رۆكى توركيا به‌ڵێنيشى دا، "ئاشتى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى فورات بچه‌سپێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ناوچه‌كانى ديكه‌ى ژێر ده‌سه‌ڵاتى سوپاى توركيا به‌ديهێنراوه"‌.

ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شى گوت: "تا ئه‌مڕۆ به‌ گوێره‌ى ده‌رخسته‌كانى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان، توركيا، 35 مليار دۆلارى بۆ په‌نابه‌ران خه‌رجكردووه‌. له‌ پێشه‌وه‌يان بۆ چوار مليۆن په‌نابه‌رى سووريا".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ

ئ.ر