هه‌سه‌ده‌ 400 چه‌كدارى دیكه‌ی داعشی ده‌ستگیر كرد

لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 6 هەزار و 500 كەس رزگار كراوون
kurdistan24.net

K24 – باغۆز:

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) دەستگیرکردنی 400 چەکدارانی داعشی لە باغۆز راگەیاند.

سەرچاوەیەک لە هێزەکانی هەسەدە رایگەیاند، ئەمڕۆ 400 چەکداری داعش، کە بەنیازبوون لە باغۆزەوە بۆ دێرزوور هەڵبێن، لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراون.

هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە، لە هەسەدە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەمڕۆ زیاتر لە 2000 کەس لە باغۆز هەڵاتوون و روویان لە ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانیان کردوووه‌.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ شارۆچكه‌ی باغۆزی سه‌ر به‌ پارێزگای دێرزوور، كه‌ دوا پێگه‌ی داعشه‌ له‌ سووریا، رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی رزگاركردنی هاووڵاتیان به‌رده‌وامه‌.

گوتیشیی: ئەمڕۆ حه‌وت منداڵی دیكه‌ی ئێزدی له‌ باغۆز لە ژێر ‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش رزگار كران.

لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە 6 هەزار و  500 كەس لە شارەدێی باغۆزی دێرزوور له‌ لايه‌ن هه‌سه‌ده‌وه‌ رزگار كران.

پەیامنێری كوردستان24 دیداری لەگەڵ دوو ژنی فەڕەنسی و توركی ئەنجام داوە، كە ھاوسەری چەكدارانی داعشن و هاوسه‌ری یه‌كێك له‌و ژنه‌ فەڕەنسییان یه‌ك بووه‌ لە پلانداڕێژەرانی ھێرشەكەی ساڵی 2015ی پاریس.