واشنتن ناوه‌ڕۆكى په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌ى پۆمپيۆ و سه‌رۆك بارزانى ئاشكرا كرد

واشنتن هه‌ڵوێستيى سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێم راگه‌ياند

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا رايگه‌ياند، واشنتن پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێت.

جێگرى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا، رۆبرت پالادينۆ، به‌ رۆژنامه‌نووسانى رايگه‌ياند، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی گرنگی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستووه‌تەڕوو، کە داواکارییەکانی گەلی کوردستان بەجێبهێنێت.

گوتيشى: پۆمپیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کردووه‌.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا هەڕەشەکانی داعشی بۆ سەر عێراق نەشاردەوە و پابەندبوونی واشنتنتی بە کارکردن لەگەڵ بەغدا لەسەر داوای حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە بە مەبەستی گەرەنتیکردنی لەناوبردنی داعش.

پێشتر ماڵپه‌ڕى سه‌رۆك بارزانى بڵاويكردبوويه‌وه‌، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 5ـی 3ـی 2019 مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆک بارزانی کرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بیروڕا لە بارەی دوا پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.