ئه‌و داعشانه‌ی سه‌رانه‌یان له‌ خه‌ڵكی مووسڵ وه‌رده‌گرت ده‌ستگیركران

به‌ نامه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ خه‌ڵكی ده‌كرد

K24 - هه‌ولێر:

لیوا سه‌عد موعه‌ن، گوته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند: "پێنج ئه‌ندامی رێكخراوی داعشیان له‌ مووسڵ ده‌ستگیر كردووه‌و كاریان وه‌رگرتنی سه‌رانه‌ بووه‌ له‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ست چه‌كدارانی ریكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ش ده‌رهێنراوه‌".

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان 4 ئه‌ندامی داعشیان ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌ی شاری مووسڵیان داگیر كردبوو وه‌ك چه‌كداری "دیوای جوند" كاریان كردووه‌، به‌ڵام كه‌سی پێنجه‌میان كه‌سێكی ئه‌منیی بووه".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی كه‌می رابردوودا، ئه‌و پێنج كه‌سه‌ خه‌ڵكیان بێزار كردووه‌و ترساندوویانن و داوای سه‌رانه‌یان لێكردوو‌ن‌، یه‌خه‌یان به‌ پزیشك و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ گرتووه‌و له‌ رێگه‌ی نامه‌ی نووسراوی سه‌ر كاغه‌زه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیان لێكردوون، ئه‌گه‌ر بێتو سه‌رانه‌ به‌ رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ نه‌ده‌ن.

 

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌و پێنج ئه‌ندامه‌ی داعش له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی نوور و زه‌هرا و به‌كر و بازاڕی نه‌بی ده‌ستگیر كراوون.