شاندێكی به‌غدا سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات

له‌گه‌ڵ وه‌زیران و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

دكتۆر به‌شیر حه‌دداد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، بڕیاره‌ سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌، 28ی نیسان/ ئه‌پریلی 2019، شاندێك لە بەغدا كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكوومه‌تی عێراق پێك هاتووه‌، سه‌ردانی هه‌ولێر بكه‌ن.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای كرد، بڕیارە ئەو شاندەی بەغدا به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان،  كۆببنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی گوته‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، شانده‌كه‌ی به‌غدا، له‌ وه‌زیرانی پلاندانان، پیشه‌سازی، بازرگانی، رۆشنبیری و چه‌ند وه‌زیرێكی دیكه‌ش پێك هاتووه‌، جگه‌ له‌م وه‌زیرانه‌ش، هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی عێراق و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی تێدایه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و وه‌زیرانه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌ هاوتاكانی خۆیان له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ماهه‌نگیی زیاتر و لێكتێگه‌یشتنی زیاتره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

ئ. م