نوێترین هه‌ڵوێستی ئێران له‌باره‌ی دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 22/5/2019، مه‌حموود واعزی، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران رایگه‌یاند: "ده‌ستپێشخه‌ریی چه‌ند وڵاتێك بۆ نێوه‌ندگیریی له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، واتای ئه‌وه نییه به دانووستان قایل بین".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: " له كاتێكدا واشنتن به‌رده‌وامه له پێشێلكاریی و پابه‌ندی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی نابێت، ئێران دانووستانی له‌گه‌ڵ ناكات".
قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه ئێرانییه له كاتێكدایه، عێراق هه‌وڵی نێوه‌ندگیریی ده‌دات و بڕیاریداوه شاندێكی باڵا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته راوانه‌ی واشنتن و تاران بكات".
هه‌روه‌ها چه‌ند وڵاتیكی دیكه ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یانداوه ده‌یانه‌وێت ببنه به‌شێك له چاره‌سه‌ر و ئاگری شه‌ڕ له ناوچه‌كه دوور بخه‌نه‌وه.
ئه‌و قسانه‌ی به‌رپرسه ئێرانییه‌كه له كاتێكدایه، پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی ئیسرائیل كه له هه‌واڵگریی ئه‌و وڵاته‌وه نزیكه بڵاویكردووه‌ته‌وه، نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته قه‌ته‌ر و عێراق بۆ كۆبوونه‌وه و گه‌یشتن به رێككه‌وتنێك، تا ئاستی گرژییه‌كانی نێوانییان كه‌مبكه‌نه‌وه.
وێبسایتی دیبكای ئیسرائیلی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، قه‌ته‌ر و عێراق، میوانداری نوێنه‌ران و نێرده‌ی هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیان كردووه، بۆ دانوستان و گفتوگۆ له نێوانیان، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه رێككه‌وتنێك و هه‌ردوولاش پێی رازی بن.
به گوێره‌ی ئه‌و وێبسایته، په‌یوه‌ندییه نهێنییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران، هیچ ئاماژه‌یه‌كیان به كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه سه‌ربازییه‌كان و لێدوانه تونده‌كانی نێوانییان نییه، له‌كاتێكدا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندووه، نایه‌وێت له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌وێته شه‌ڕ، به هه‌مان شێوه، ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌یی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانیش هه‌مان بۆچوونی هه‌یه به‌رامبه‌ر به هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ.