لە بەریتانیا كۆنفرانسێك لەبارەی شوناس و مافی كورد بەڕێوەدەچێت

مامۆستایانی زانکۆ و رۆشنبیران و ئەکادیمیستانی بیانی و کورد بەشدارن
kurdistan24.net

K24 - لەندەن

ئەمڕۆ سێیەمین كۆنفرانسی زانستی تایبەت بە پرسی کورد لە زانکۆی میدڵسێکسی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستی بەکارەکانی کرد.

بارزان حەسەن، پەیامنێری كوردستان24 لە لەندەن رایگەیاند:  "لەکۆنفرانسەکەدا مامۆستایانی زانکۆ لە 25 وڵات بەشدارن و ئامانجی کۆنفرانسەکە باسکردنە لە کێشەی شوناس و مافە نەتەوەییەکانی کورد لە ھەرچوار وڵاتی تورکیا و عێراق و سوریا و ئێران".

مامۆستایانی زانکۆ و رۆشنبیران و ئەکادیمیستانی بیانی و کوردی لەو كۆنفرانسەدا لە زانکۆی میدڵسێکسی لەندەن کۆبوونەتەوە و گفتوگۆ دەکەن دەربارەی ئەوەی لەئێستادا رۆژ بە رۆژ ئەو سنوورانەی کوردەکان جیادەکاتەوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کاڵتردەبنەوەو کاریگەریان کەمتر دەبێت بەھۆێ ئەوەی ئەو وڵاتانەی کوردەکانی تیادا دەژین شەڕو ئاژاوەو ناسەقامگیری زۆری تێدایە. ئەمەش وای کردووە کوردەکان بەھێزتربن.

پرۆفیسۆر عەباس وەلی، مامۆستایی زانکۆ، یەکێکە لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە و لەتوێژینەوەیەکی خۆی کرد دەربارەی کێشە و گرفتەکان لە ھەرچوار پارچەی کوردستان.

زانکۆی میدڵسێکسی لەندەن پڕۆژەیەکی ھاوبەشیان ھەیە لەگەڵ دەزگایی خێرخوازی بارزانی بۆ ھاوکاریکردنی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان.

ھ.م