پرۆژه‌ی جووتسایدی چۆمان – حاجی ئۆمه‌ران ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ وه‌ستابوو
kurdistan24.net

K24 - چۆمان:

ڕێگای نێوان چۆمان حاجی ئۆمه‌ران كه‌ ڕێگایه‌كی گرنگی بازرگانی و گه‌شتیاريی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێرانه، به‌هۆی قەیرانی داراییه‌وه‌ وه‌ستێنرابوو، ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه‌ به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ و ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كە.‌

یه‌كسایدی ته‌سكی و پێچی زۆری ڕێگاكه‌، هۆكاره‌ بۆ رووداوی زۆری هاتووچۆ، كه‌ رێگای سه‌ره‌كی بازرگانی و گه‌شتیاری نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێرانه‌.

دوای ئاڵوگۆڕ و ده‌ستاوده‌ستی نێوان چه‌ندین كۆمپانیا و تێپه‌ڕینی سێ كابینه‌ی حكوومه‌ت و جێبه‌جێكردنی چه‌ندین قۆناخی پڕۆژه‌كه‌ له‌ ئاڕاسته‌ و بڕینی زۆر، دواجار قه‌یرانی دارایی پڕۆژه‌ی ‌دووسایدكردنی رێگاكه‌ی وه‌ستاند، له‌ كابینه‌ نۆیه‌م، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا به‌‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ و ته‌واوكردنی ‌دووسایدی چۆمان - حاجی ئۆمه‌ران.

دووسایدكردنی نێوان چۆمان - حاجی ئۆمه‌ران، تا ئێستا (51)ملیاری دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌ و درێژیيه‌كه‌ی (17)كیلۆمه‌تره‌، به ‌ته‌واوبوونیشی شوفێرو گه‌شتیاران له‌ماندووبوون و مه‌ترسی رێگاكه‌ رزگار ده‌كات و دووریان بۆ نزیك ده‌كاته‌وه‌.

ئ. م