هاوڕێیه‌كه‌ی بووفۆن وه‌ك پێشكه‌شكاری مه‌راسیمه‌كه‌ی فیفا ده‌ستنیشان كرا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو به (فیفا) رۆژنامه‌نووس و پێشكه‌شكاری ته‌له‌ڤزیۆنی ئیتاڵیا (ئالاریا دومیكۆ)ـی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی مه‌راسیمی به‌خشینی خه‌ڵاتی باشترینه‌كانی 2019ـی ده‌ستنیشان كردووه كه بڕیاره مه‌راسیمه‌كه له 23ـی ئه‌م مانگه له شاری میلانۆی ئیتاڵیا به‌ڕێوه بچێت.
ئالاریا دومیكۆی ماوه‌ی 5 ساڵه له‌گه‌ڵ جیانلویجی بووفۆنی گۆڵپارێزی یوڤێنتۆس به‌یه‌كه‌وه ده‌ژین، به‌ڵام هێشتا هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه.
ئالاریا دومیكۆی ته‌مه‌ن 46 ساڵ ماوه‌ی 15 ساڵ وه‌ك پێشكه‌شكار له كه‌ناڵی سكای سپۆرتسی ئیتاڵیا كاری كردووه، له دوای 2014 كاتێك بووفۆن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی پێشووی ئالێنا سێرێدۆڤای چیكی جیابووه‌وه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی سۆزداری له‌گه‌ڵ بووفۆن به‌ست و ئێستا خاوه‌نی منداڵێكن به ناوی (ماتیا بووفۆن).
به گوێره‌ی میدیاكانی ئیتاڵیا، بووفۆن پێش ئه‌وه‌ی له ژنه كۆنه‌كه‌ی جیابێته‌وه په‌یوه‌ندی نهێنی و خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ ئالاریا هه‌بووه، وه‌ك ده‌گوترێت له‌به‌رخاتری ئه‌و كچه له خێزانه چیكییه‌كه‌ی پێشووی جیابووه‌وه.
ئالاریا هاوشانی رۆد گۆڵێتی ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا مه‌راسیمی به‌خه‌شینی خه‌ڵاتی (زه بێست) به‌ڕێوه ده‌بن كه تێیدا له‌سه‌ر ئاستی باشترین یاریزانی پیاو هه‌ریه‌كه له كریستیانۆ رۆناڵدۆ، لیۆنێل مێسی و ڤان دایك) كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه ده‌كه‌ن.