رێگه‌ی سه‌ره‌كی شارۆچكه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان داده‌خرێت

بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە و شوفێران ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌

K24 – ده‌ربه‌ندیخان:

بەهۆی نۆژەنکردنەوەی رێگای دەربەندیخان – سلێمانی لە سبەینێوە رێگاکە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە دادەخرێت و شۆفێران ئاگاداردەکرێتەوە کە رێگای بەدیلدا هاتوچۆ بکەن.

رێژەن بورهان، بەڕێوبەری هاتووچۆی دەربەندیخان له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ماوەیەکە رێگاکە دەست بە بڕینی کراوە و بڕیارە لە رۆژی 7ی10ی2019وە بەواوەتی دابخرێت تا تەواو قیرتاو دەکرێتەوە ماوەی تەواوبوونەکەشی 12 رۆژ دەبێت.

گوتیشی: بەپێی رێنماییەکانی رێگاوبانی سلێمانی و دەربەندیخان ئەو شۆفێرانەی دەیانەوێت لە سلێمانییەوە بچنە دەربەندیخان رێگاکانی گوندی زەلەڕەش، ناوتاق و چەمەرگە بەکاربهێنن و جوڵەی هەموو جۆرە ئۆتۆمبیلەکان دەکەوێتە سەر ئەو رێگایە.

هه‌روه‌ها گوتی: رێگەی نێوان دەربەندیخان و سلێمانی ئۆتۆمبێلی تایبەت و پیکاب، لە دووتەنی بۆ خوارەوە دەکەوێتە سەر رێگەی قەرەداغ - سلێمانی. شۆفێر ئارەزوومەندە ئەگەر رێگەی سۆڵە بەکاربهێنێت بۆ گەشتن بە شارەزور و وارماوا.

روونیشیكرده‌وه‌، بەپێی هەڵکەوتەی شوێنەکە و فشارێکی زۆر لەسەر ئەو رێگایانه، پێدەچێت شۆفێران ئاستەنگیان بۆ درووستببێت،  ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە دووتەنی گەورەتر بۆ سەرەوە، دەتوانێت بە رێگەی تونێل بۆ وارماوا هاتووچۆ بکات، ئەوەش بەپێی ئیشوکار لەو رێگەیەدا هەندێکجار راگرتن و لادانی کاتی تێدەکەوێت.

رێژەن بورهان، بەڕێوبەری هاتووچۆی دەربەندیخان له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 باسی له‌وه‌شكرد، بارهەڵگرەکان پێویستە ماوەیەک بە رێگای تەنیشت شەقامەکەدا جوڵە بکەن کە خۆڵە و ئەوەش ئاستەنگی بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر درووست دەبێت تا کاتێک رێگاکە تەواو دەبێت.