ژنان له‌ یاساكانی تایبه‌ت به‌ ماف و ئه‌ركه‌كانیان نیگه‌رانن

هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكانی تایبه‌ت به‌ ماف و ئه‌ركه‌كانیان به‌ گرنگ ده‌زانن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

یاساکانی تایبەت بە ماف و ئەرکەکانی ئافرەتان بووەتە جێی ھەڵوەستەی بەشێک لە چالاکوانانی بوارەكانی ئافرەتان، چونکە پێیان وایە جگە لە گرنگی ھەموارکردنەوەی، گرنگە جێبەجێبکرێت، تاوه‌كو ئافرەتان بە یەکسانی ئەرک و مافەکانی خۆیان بە یاسا بچەسپێنن.

لە ھەرێمی کوردستان بەشێک لە ئافرەتان نیگەرانن لە یاساکانی تایبەت بە ماف و ئەرکەکانییان و پێیان وایە  ھەندێک لەو بڕگە و مادانە پێویستی بە گۆڕانکاری ھەیە و دەبێت دووبارە ھەموار بکرێتەوە. چالاکوانێکی بواری ئافرەتان پێی وایە سەرەڕای ھەموارکردنەوەی ھەندێک یاسا بۆ چەسپاندنی یەکسانی لە مافەکانی ژنان کێشە لە جێبەجێنەکردنی یاساکاندایە، چونكە رای وایە سیستمی دادگاکان ھێشتا پیاوسالارییە.

بەشێک لە یاساکانی ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی بارودۆخەکان ھەموار دەکرێنەوە، ژمارەیەك لە ژنان دەیانەوێت ئەو یاسایانەی تایبەتە بە ئەرک و مافەکانیان ھەمواربکرێنەوە و وەک خۆی جێبەجێ بكرێن. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "ھەرکات پڕۆژەكەمان پێگەیشت داوای ھەموارکردنەوەی دەکەین".

بەگوێرەی ئامارەكان لەسەرەتایی ئەمساڵەوە 5 ھەزار حاڵەتی توندوتیژی جۆراوجۆر لە ھەرێمی کودستان تۆمار كراوە. ئەم رێژەیەش بە مەترسی دادەندرێت بۆ سەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و بەربەستێكە لەبەردەم پڕۆسەی ھاوسەرگیری.

ھ.م