له‌ 11 مانگدا 191 ژن له‌ سلێمانی داڵده‌دراون

"بینای ماڵی داڵدەدراوانی بۆ ھەموو ژنان گونجاو نییە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە ماوەی 11 مانگی  رابردوو 191 ژن لە پارێزگای سلێمانی داڵداراون، لەو ژمارەیەش 45 ژنیان منداڵیان لەگەڵدابووە. زۆربەی مناڵەکانیش لە تەمەن 4 ساڵ و بەرەخوارن.  بەڕێوبەری گشتی  چاودێری و گەشەپێدانی  پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات لەگەڵ بوونی دایانگەیەکی تایبەت بەو منداڵانەی کە دایکەکان لەگەڵ خۆیان دەیانھێنن بۆ شوێنی  داڵداراوان، بەڵام  ھێشتا بە شوێنێکی لەبار نازانرێت بۆ ژینگەی  ئەو منداڵانە.

بەشێکی  زۆری  ئەو ژنانەی کە ھیچ سوچ و لانەیەکیان نەمێنێت بۆ چارەسەرکردنی  کێشەکانیان بە خۆیان و جگەرگۆشەکانیانەوە  روودەکەنە ماڵی داڵداراوانی ژنانی ھەڕەشە لێكراو.

عومەر گوڵپی، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ماڵی داڵدەدانی ژنانی ھەڕەشە لێكراوای سلێمانی بۆ سنووری ھەموو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانە، تەنانەت ھەندێك جار بۆ ژنانی پارێزگاكانی خوارووی عێراقیش ئیش دەكەین. ھەموو ئەو ژنانەی ھەڕەشەیان لەسەرە و رووبەرووی مەترسی دەبنەوە لەلایەن خێزانەكانیان یان خەڵكی دیكە ماڵی داڵدەدراوان ماڵێكی پارێزراوە و سەلامەتە".

ماڵی داڵدەدراوانی ژنانی  ھەڕەشە لێکراو، لە رووی شێوازی ئەندازیاری بیناکەوە  بە شوێنیکی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە داناندرێت. بەھۆکاری ئەوەی بیناکە لە بنەڕەتدا بۆ شوێنی داڵدەدانی ژنان دروست نەکراوە. ئەمەش وایکردووە ئەو ژنانەی  تووشی نەخۆشی  دەروونی بوون نەتواندراوە شوێنێکی تایبەتیان بۆ جیابکرێتەوە.

ئاراس ناسیح، بەرپرسی پارێزگاری خێزانی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی دەڵێ: "بەھۆی گرفتی بیناكەوە ئەو منداڵانەی كوڕن تەمانیان دەچێتە سەروی شەش ساڵانەوە ناتوانین لەگەڵ دایكەكەی بیھێڵینەوە لەو شوێنە، بۆیە بە ناچاری دەیان نێرین بۆ ماڵی كوڕانی نەوجەوانان تا ئەوكاتەی كێشەی دایكەكە یەكلا دەبێتەوە".

گوتیشی: "ھەندێك داڵدەدراومان ھەیە باری دەروونیان ناجێگیرە، بۆیە پێویستە شوێنی تایبەتمان ھەبێت بۆ ئەمانە".

ماڵی داڵدەدراوانی ژنانی ھەڕەشە لێکراو، لە سلێمانی لە ساڵی 2014 دامەزراوە و تائێستا زیاتر لە ھەزار و 50 ئافرەت لەو ماڵە سوودمەند بوونە. بەپێی ئامارەكانیش تەنھا لە ماوەی 11 مانگی رابردووی ئەمساڵدا 191 ژن لە سلێمانی داڵدەدراون و لەو ژمارەیەش 45 ژن منداڵەکانیان لەگەڵ داڵدەدراون. كێشەی بەشێك لە ژنەكانیش لە قۆناغی چارەسەری كۆتاییدایە.