چەند پڕۆژەیەک لەبارەی پاراستنی مافی کرێکاران ئامادە دەکرێن

وەزارەتی كار: ھەر كرێكارێك مافی پێشێل بكرێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چەندین پڕۆژەی بۆ پاراستن و پێشێل نەکردنی مافی کرێکارانی ناوخۆی و بیانی  ئامادە کردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا  ئاراستەی  ئەنجومەنی وەزیرانی بکات.

پڕۆژەیاسای کار، کە ھاوسەنگی لە نێوان مافی کرێکاری کەرتی گشتی و دەستەبەرکردنی ھەمان ماف بۆ کرێکاری کەرتی تایبەت، یەکێکە لەو پڕۆژە نوێیانەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە چەند رۆژی داھاتوودا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكات.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەوڵمان داوە لیژنەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و كار چالاك بكەین، بۆ ئەوەی سەردانی كۆمپانیا و مۆڵ و ماركێتەكان بكەن، تاكوو كرێكارەكان دەستەبەر بكەن. وەك وەزارەتی كار ھێڵی گەرممان ھەیە، ھەر كرێكارێك كێشەی ھەبێت و مافی پێشێل بكرێت، دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بكات، ئەگەر خاوەن كار مافی كرێكار پێشێل بكات، دەیدەینە دادگا".

ساڵانە چەندین پێشێلکاریی بەرامبەر بە کرێکاران لە ھەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت، بە تایبەتی کرێکارانی بیانی. بە گوێرەی ئامارەکانی سەندیکای کرێکاران، تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 79 کرێکار لەسەر کارەکانیان گیانیان لەدەست داوە، لەو ژمارەیەش 23 یان کرێکاری بیانی بوون.

یەكێكی دیكە لە ھەنگاوەكانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی  ژیانی  کرێکاران، پێکھێنانی چەند لیژنەیەکە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە، بۆ بە دواداچوون بە مووچەی کرێکارانی ناکارامە، کە مووچەی مانگانەی کرێکاری ناکارامە 285 ھەزار دینار بووە.

ھ.م