كورد سه‌پاندنی مه‌رج ره‌تده‌كاته‌وه‌

عەللاوی گفتوگۆی بۆ پێكھێنانی حكومەت دەستیپێکردووە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

گفتوگۆکان و ھەنگاوی کرداری بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتی محەمەد عەللاوی دەستیپێکردووە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق دید و بۆچوونی خۆی ھەیە و سەپاندنی ھەر مەرجێکیش رەتدەکاتەوە.

محەمەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ھەنگاوەکانی بۆ پێکھێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستپێکردووە و گفتوگۆ و دانووستاندنیش لەنێوان لایەنەکان لەبارەی پێکھێنانی حکومەت چڕبووەتەوە، کوردیش وەک لایەنێکی سەرەکی لەناو ھاوکێشەکان کەوتووەتە گفتوگۆی جددی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان خۆیان و لایەنەکانی عێراق.

عەللاوی، جگە لەوەی دەیان کێشەی کابینەی عادل عەبدولمەھدی بە میرات بۆ ماوەتەوە، ھاوکات دەیەوێت دڵی شەقام و لایەنە سیاسییەکان رازی بکات، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە. عەللاوی بەردەوام جەخت لە کاندیدی سەربەخۆ بۆ پۆستە وەزارییەکان دەکاتەوە، بەڵام لایەنە سیاسییەكانی كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ھیچ مەرجێك بۆ بەشداریكردن لە حكومەت قبوڵ ناكەن.

محەمەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ناوی کاندیدانی بۆ پۆستە وەزارییەکان رەوانەی دەستەی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون کردووە و دەیەوێت  بۆ ھەر وەزارەتێک چەند کاندیدێک بخاتە بەردەم پەرلەمان. ھەریەکە لە لایەنەکانیش دەیانەوێت زۆرترین پۆست و وەزارەتی گرنگ و کاریگەر بەدەست بێنن.

ھ.م