ئەندرێیا بۆچێللی لە دۆمۆی میلانۆی چۆڵەوە پایتەختە داخراوەکانی جیهان دەلاوێنێت

گۆرانییەک بۆ رەوشی ئێستا دەڵێت

K24 - هۆڵەندا

بیابان ئاسا و بەتەنها لە گۆڕەپانی گەورەی دۆمۆی میلانۆوە، تێنۆری بەناوبانگی ئۆپێرا، ئاندرێیا بۆچێللی، گۆرانی بۆ پایتەختە گەورە داخراوەکانی هەموو جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەڵێت. ئەو کۆنسێرتەی بۆچێللی لەرێی یوتوبەوە راستەوخۆ پەخشکرا و دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس بینەری بوو. دیمەنەکە جگە لە ئاندرێیا بۆچێللی، باکگراوندی کاتێدرالی چۆل و تەنها بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەندەیتر کارەکەی سەرنجراکێش کردبوو.

مەبەست لە کۆنسێرتەکە نامەیەکی هیوابەخشین بوو لەڕێی وشەکانیەوە بە گۆرانی کە دەڵێت : بەڕێی زۆر ترس و کارەسات و ماندووبوون تێپەڕیم، لێبوردەیی منی بەرێگەیەکی رزگارکەردا تا ئێرە هێنا و هەر لێبوردەییە من بەئارامی دەگەیەنێتە ماڵەوە.

چەندین دیمەنی سەرنجراکێشی گۆڕەپان و شەقامە چۆڵەکانی پاریس، لەندەن و نیویۆرک، ئەو پایتەختانەی کە زۆرترین قوربانی کۆڤید-١٩ یان هەبووە نیشاندران، وەک لە تێکستی گۆرانیەکەدا دەڵێت: ''باوەڕم بە هێزی بەیەکەوە نزاکردن و باوەڕم بە جەژنی قیامەی کریستیانەکان هەیە، سیمبولی ژیانەوە، هەموو باوەڕداران و ئەوانەشی باوەڕناکەن ئێستە هەموومان پێویستمان بە بەخشندەیی، هێز و توانای ئەرێنی سەرکەوتن هەیە''.

ساڵانە جەژنی قیامەی کریستیانەکان، لەزۆربەی کەنیسەکانی دونیادا، بەکۆنسێرتی موزیک و نزاکردن پیرۆز دەکرێت، ئەمساڵ بەهۆی بڵاووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) و داخستنی شارو پایتەختە گەورەکانی دونیا و قەدەغەی هاتووچۆ و رێگەنەدان بەچوونە کەنیسەکان، کریستیانەکان لەماڵەکانی خۆیانەوە و لەرێی ئۆنلاینەوە نزاکانیان کرد و مەراسیمی جەژنیان بەڕێکرد.