عێراق پەنا بۆ وەرگرتنی قەرز دەبات

شارەزایان: وەرگرتنی قەرز لە بەرژەوەندی عێراق نییە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شارەزایانی ئابووری عێراق پێیانوایە وەرگرتنی قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە، بەتایبەتی وەرگرنی قەرز لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، كە سوودێكی زۆری دەكەوێتەسەر. ئاماژە بەوەشدەدەن، پێویستە حكومەتی عێراق لە قەرزەکە پشكی ھەرێمی كوردستان بدات، لەكاتێكدا بەھۆی كەمبوونەوەی داھاتەكان و زیانەكانی كۆرۆنا حكومەتی ھەرێمی كورستانیش پێویستی بە هاوکارییە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران.

كەمبوونەوەی داھاتی نەوت و زیانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا حكومەتی عێراقی ناچاركرد، پەنا بۆ  وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی ببات، بەگوێرەی پلانەكە، ئامانجی وەرگرتنی قەرزەكە زیاتر بۆ دابینكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانە و بودجەی بەكاربەرە، بڕیارەكە بەزووترین كات دەچێتەوە بواری جێبەجێكردنەوەو بەگوێرەی پشكی پارێزگاكانیش پارەكە دابەش دەكرێت. شارەزایایەكی ئابووری عێراقی پێیوایە پێویسە بەغدا لەو قەرزەی وەریدەگرێ پشكی ھەرێمی كوردستان بدات.

ھادی عیسامی، شرۆڤەكاری سیاسی و ئابووری دەڵێ: "وەرگرتنی قەرزی دەرەكی دوو روانگەی ھەیە، لە روانگەی ئابوورییەوە رێژەی سوودی بانكی بەراورد بە قەرزی ناوخۆ زۆر زیاترە، روانگەی دووەمشیان ئەوەیە كە عێراق بە وەرگرتنی قەرزی دەرەكی دەبێتە ژێر دەستەی ئەو وڵاتانەی قەرزی لێكردوون، چوونكە ئەو لایانەی عێراق قەرزیان لێوەردەگرێ، بێ مەرج قەرز نادەن، بە دڵنیاییەوە ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بۆیە لە وەرگرتنی قەرزەكەش دەبێت بەشی ھەبێت و بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكات، بەتایبەتی لەم دۆخەی ئێستا حكومەتی ھەرێم ئەركی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لەئەستۆیە، ژمارەی تووشوانیش لە زیادبوونە".

حكوومەتی عێراق بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە كە وەك خۆی دەڵێت، پلانەكە كاتییە و تاوەكو نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، پێویستی بە بڕی 5 ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی و 15 ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی ھەیە. بڕیاریشە لە ئایندەیەكی نزیكدا بڕیارەكە بچێتە بواری جێبەجیێكردنەوە.

یونس كەعبی، لێكۆڵەری سیاسی و ئابووری رایگەیاند: "بێگومان بڕیاری قەرزكردن چارەسەری كۆتایی بوو، كە چارەسەرێكی نەرێنییە و وادەكات قەرزەكانی سەر عێراق زیاتربن، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ھیچ رێگەیەكی دیكە دەربازبوون بۆ حكومەت نەبوو، چونكە عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 5 ملیار دۆلارە، لەكاتێكدا داھاتی نەوتی نزیكەی 2 ملیار دۆلارە و ھەروەھا داھاتە نا نەوتیەكانیشی سنووردارەو بەشێوەیەكی باش پاڵپشتی گەنجینەی حكومەت ناكات، چونكە بەشێكی زۆری داھاتەكە گەندەڵی تێدا دەكرێ و بەھەدەردەچێت، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت".