نزیكەی 400 كارمەندی تەندروستی لە سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوونە

.
kurdistan24.net

K24 - سلێمان

نزیکەی 400 کارمەندی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ئەگەری تەشەنەسەندنی تووشبووانی کارمەندانی تەندروستی پلانی تایبەتیان داناوە بۆ ئەو نەخۆشخانانەی تایبەتن بە تووشبووانی کۆرۆنا.

بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی  کە ھەڵگری کۆرۆنان راستەخۆ دوای چاکبوونەوەیان چوونەتەوە سەرکارەکانیان، جێگری بەڕێوبەری تەندروستی دوای تێپەراندنی  ڤایرۆسەکە و چاکبوونەوەی گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی و ئاشکرای دەکات، لە ئەگەری زیادبوونی تووشبوونی کارمەندانی تەندروستی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پلانی تایبەتیان ھەیە تاکو بۆشایی لە بنکە و فەرمانگە تەندروستی و نەخۆشخانەکانی سلێمانی  دروست نەبێت.

بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتێکدایە نزیکەی 400 کارمەندی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، بەشێکیش لە  تووشبووان بەھۆی خراپی باری تەندروستیان پێویستیان بە زیاتر لە سێ کارمەندی تەندروستییە چاودێریان بکەن. ئەمەش وایکردووە کەمی کارمەندی تەندروستی گرفت بۆ ئەو کەرتە دروست بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی  شار و نەخۆشخانەی شۆڕش و سەنتەری ژیانەوەو  بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستن، ھەروەھا چەند کارمەندێکی دیکە لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان و کەلار و ھەڵەبجە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە.