مامۆستا و متمانه له زه‌مه‌نى كۆرۆنادا
ئاشكرایه كه بڵاوبوونه‌وه‌ى پاتاى كۆرۆنا كاریگه‌ریى له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانى ژیان هه‌یه تا ئێستا زۆر شتى گۆڕیووه. ئه‌م گۆڕانكارییانه له بوارى په‌روه‌رده و خوێندنى باڵادا له هه‌رێمى كوردستان زۆر به زه‌قى دیاره، هه‌روه‌كو چۆن له بواره‌كانى په‌یوه‌ست به ئابوورى و دارایى و بازاڕى كاریش كاریگه‌رییه‌كه روون و ئاشكرایه. له‌وانه‌یه ئه‌م كاریگه‌رییه له به‌شێك له ده‌زگاكانى په‌روه‌رده و خوێندنى وڵاتانى پێشكه‌وتوو ئه‌وه‌نده زه‌ق و دیار نه‌بێت، به‌تایبه‌تى له‌و وڵاتانه‌ى كه خاوه‌ن ژێرخانێكى ئه‌لیكترۆنى و ئینته‌رنێتى و ته‌كنۆلۆجیایه‌كى زۆر باشن، به‌ڵام له وڵاتانى تازه پێگه‌یشتوو یان ئه‌وانه‌ى پێیان ده‌گووترێت وڵاتانى جیهانى سێییه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م ژێرخانه زۆر باش نییه، كاریگه‌رییه‌كه روون و ئاشكراتره.
ئه‌وه‌ى لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسى بكه‌م پێویستى گۆڕینى ئه‌و سیسته‌مه بیرۆكراتیه‌یه كه له بوارى هه‌ڵسه‌نگاندن و له‌كاتى تاقیكردنه‌وه‌كاندا له زانكۆ و ده‌زگاكانى تر‌ى په‌روه‌رده‌دا له هه‌رێمى كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڕۆناوه په‌یڕه‌و نه‌كرا. ئه‌مساڵ زانكۆكان ناچار بوون كه متمانه به مامۆستا و قوتابیان بكه‌ن و ئه‌وه‌نده سانسۆرى له‌سه‌ر دانه‌نێن كه له ساڵانى رابردوو هه‌بوو. تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌مساڵ زۆر فه‌رمى نه‌بوون و به‌شێكى زۆرى پشتى به متمانه به مامۆستا و قوتابى ده‌به‌ست. هه‌رچه‌نده بێ گرفت و كێشه نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌زموونێكى نوێ بوو و گرنگه هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بكرێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو ئه‌وه‌ى له راپۆرته ته‌ندروستییه‌كان ده‌خوێنرێته‌وه، ئه‌وه‌یه كه له‌وانه‌یه له سه‌رتاى ساڵى خوێندنیش نه‌توانرێت خوێندنى ناو كه‌مپ و قوتابخانه‌كان ده‌ست پێبكرێته‌وه.
تاقیكردنه‌وه‌ى فه‌رمى ته‌نها له ده‌زگاكانى په‌روه‌رد و خوێندنى باڵا له عێراق و كوردستان و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست په‌یڕه‌و ناكرێت، به‌ڵكو له به‌شێك له وڵاتانى ئه‌وروپاییش گرنگى پێده‌ده‌رێت، بۆ نموونه له وڵاتێكى وه‌كو ئینگلته‌را تا ئێستاش ئه‌م جۆره تاقیكردنه‌وانه باویان ماوه، به‌ڵام له هه‌موو وڵاتێكیشدا وانیه. فینله‌ندیه‌كان ته‌نها چه‌ند تێستێكى ستاندارى پچڕپچڕیان هه‌یه، ته‌نها یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ى فه‌رمیان هه‌یه كه قوتابیان له دوا قۆناغى ئاماده‌یی ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، له ته‌مه‌نى هه‌ژده ساڵیدا، له‌كاتێكدا له به‌ریتانیا قوتابیان له هه‌مان ته‌مه‌ن تاقیكردنه‌وه‌كانى SATA و GCSEs و AS و A-LEVEL ده‌كه‌ن. ئه‌و چه‌مكه‌ى لاى فینله‌ندیه‌كان باوه ئه‌وه‌یه كه هاوكاریكردنى قوتابیان وا ده‌كات سه‌ركه‌ون، نه‌ك كێبڕكێ و هێنانى نمره‌ى به‌رز و تاقیكردنه‌وه‌ى فه‌رمى و لێژنه‌ى تاقیكردنه‌وه‌كان و سانسۆر و بێ متمانه‌یى.
سه‌رتاسه‌رى سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى فینله‌ندى له متمانه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كولتوورى وڵاته‌كه. سیسته‌مى په‌روه‌ده و خوێندنى باڵا له كوردستان ده‌توانێت سوود له‌مه وه‌ربگرێت، كه باشترین سیسته‌مى په‌روه‌رده‌یه له جیهان، تیایدا متمانه كرۆكى په‌روه‌رده و فێربوونه. له‌م رووه‌وه، زۆر ستایشى فینله‌ندا كراوه و خه‌ریكه ئه‌م مۆدێلى خوێندن و فێربوونه بۆ وڵاتانى تر‌ى جیهان هه‌نارده ده‌كرێت. هه‌رچه‌نده من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم هیچ سیسته‌مێكى په‌روه‌رده‌یى وه‌كو خۆى هاورده بكرێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌كرێت سوودى لێوه‌ربگیرێت و له‌گه‌ڵ ژینگه‌ى تایبه‌تى كوردستان بگونجێنرێت. وه‌كو ئه‌و سیسته‌مه‌ى كه كاتى خۆى هاورده‌كرابوو و پێى ده‌گووترا سیسته‌مى سوێدى، هه‌ندێك پێیان وایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نامۆ بوو و له‌گه‌ڵ ژینگه‌ى كوردستان نه‌ده‌گوونجا، بۆیه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. لێره‌دا كه باسى لایه‌نه باشه‌كانى سیسته‌مى خوێندنى فیله‌ندى، یان هه‌ر سیسته‌مێكى تر ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمانه سوودى لێوه‌ربگرین، نه‌ك وه‌كو خۆى هاورده‌ى بكه‌ین.
پێویسته قوتابیان و مامۆستایان له قوتابخانه و زانكۆكان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك متمانه‌یان پێبكرێت بۆ هه‌ر بۆچوونێك كه یارمه‌تى سه‌ركه‌وتنى قوتابیان بدات. لێره‌دا پێدانى سه‌ربه‌خۆیى به زانكۆكان و ده‌زگاكانى په‌روه‌رده و فێربوون كارێكى هه‌نووكه‌یى و پێویسته، ئه‌وانیش پێویسته له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه متمانه به مامۆستایان بكه‌ن و مامۆستایانیش ئه‌م متمانه‌یه بگوازنه‌وه بۆ قوتابیان. سرووشتى مرۆڤ وایه كه متمانه‌ت پێكرد، كارى باشتر و جوانتر ده‌كات، بۆیه ده‌بێت زیاتر متمانه به مامۆستایان بكرێت و سه‌ربه‌خۆییه‌كى زیاتریان پَبدرێت له وتنه‌وه‌ى وانه‌كان و ئه‌نجامدانى تاقیكردنه‌وه‌كان و هه‌موو كاره پێویسته‌كانى تر.
مامۆستا ئه‌گه‌ر متمانه‌ى پێبكرێت زیاتر یارمه‌تى قوتابیان ده‌دات، له‌وانه‌یه هه‌وڵى ئه‌وه‌ش بدات به‌تایبه‌تى یارمه‌تى ئه‌و قوابیانه بدات كه دره‌نگتر تێده‌گه‌ن و هه‌ندێك كێشه و گرفتى تایبه‌تیان هه‌یه. نزیكه‌ى 30% منداڵانى فینله‌ندى له نۆ ساڵى یه‌كه‌مى قوتابخانه جۆرێك له یارمه‌تى تایبه‌ت وه‌رده‌گرن. ئه‌م جۆره فێركردنه تایبه‌ته له‌وانه‌یه له به‌ریتانیا جیاواز بێت، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م پرۆسه‌یه بووه به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه ده‌بینین وڵاتێكى وه‌كو فینله‌ندا له‌سه‌ر ئاستى جیهان به پله‌ى چواره‌م دێت له بوارى خوێندنه‌وه و به پله‌ى پێنجه‌م له بوارى زانست.
شێوازى وانه‌وتنه‌وه‌ى فینله‌ندى زۆر ئاسنتره له وڵاتانى تر، تیایدا زیاتر كاتى ئازاد و یاریكردن و بیركردنه‌وه بۆ قوتابیان ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت و زۆر گرنگى پێده‌درێت. مامۆستایان كاتێكى كه‌متر له پۆَلن، له به‌رامبه‌ردا زیاتر خه‌ریكى بنیادنانى پڕۆگرامى به‌هێز و هه‌ڵسه‌نگاندنى كارى پراكتیكى قوتابیان و چاودێریكردن و یارمه‌تیدانیانن. قوتابیانیش كاتێكى كه‌متر له پۆل به‌سه‌ر ده‌به‌ن، زیاتر له ده‌ره‌وه‌ن. ئه‌وان زۆر جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه په‌له له قوتابیان نه‌كرێت و بواریان پێبدرێت بۆ خۆیان فێرببن. منداڵانى فینله‌ندى، بۆ هه‌ر 45 خوله‌ك له خوێندن 15 خوله‌ك بوارى یاریكردنیان پێده‌درێت، كه‌چى له لاى خۆمان ته‌نها پێنج خوله‌ك رێست به قوتابیان ده‌درێت. جگه له‌مه‌ش وانه‌كانى هونه‌ر و وه‌رزش و كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌روونیش گرنگى تایبه‌تى پێ ده‌درێت. ئه‌م وڵاته زیاتر گرنگى به رێبازى په‌روه‌رده‌یی پاداشت ده‌دات، نه‌ك سزا.
لێره‌وه به باشى ده‌زانم پاش نه‌مانى په‌تاى كۆرۆنا و گه‌ڕانه‌وه‌ى قوتابیان بۆ پۆله‌كانى خوێندن، هه‌وڵبدرێت كۆنفراسێك ببه‌سترێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له شێوازى گۆڕینى كاتى ناو پۆل و چالاكییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پۆل و رێست و كاتى پشووى قوتابیان، به‌تایبه‌تى له قوتابخانه بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌ییه‌كان. هه‌روه‌ها زۆر پێویسته پێداچوونه‌وه به وانه‌كانى هونه‌ر و ره‌سم و وه‌رزش و گۆرانى بكرێت و كاتى ته‌واوى بۆ ته‌رخان بكرێت و گرنگى زیاترى پێ بدرێت.
مامۆستایانى فینله‌ندى په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزیان له‌گه‌ڵ قوتابیانیان هه‌یه، هه‌مان مامۆستا بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ وانه به هه‌مان قوتابى ده‌ڵێتەوه. مانه‌وه‌ى مامۆستا بۆ ئه‌و ماوه‌یه له‌گه‌ڵ قوتابى و هه‌روه‌ها نه‌بوونى تاقیكردنه‌وه‌ى فه‌رمى له‌و بیرۆكه‌یه سه‌رچاوه‌ى گرتووه كه مامۆستا له قوتابیه‌كه تێبگات و بزانێ پێداویستیه ئه‌كادیمی و زانستیه‌كانى چین. ئه‌مه‌ش له به‌رامبه‌ردا یارمه‌تیان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى باشتر وانه‌كان ئاماده‌بكه‌ن، كه قوتابیان زیاتر وه‌ریانبگرن و حه‌زیان له وانه و چالاكییه‌كان بێت، نه‌ك وه‌كو سزا و سوخره سه‌یریان بكه‌ن.
شتێك كه سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى فینله‌ندى زۆر بایه‌خى پێده‌دات، بریتییه له مامۆستاى باش، بوون به مامۆستا له فینله‌ندا كارێكى ئاسان نییه. پاڵێوراو بۆ مامۆستایه‌تى له قۆناغى بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌ییش ده‌بێت به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه ماسته‌رى هه‌بێت، هه‌روه‌ها له كاتى وانه وتنه‌وه ساڵانه ده‌بێت كۆرسى راهێنان وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیابن له‌وه‌ى ستانداره به‌رزه‌كان په‌یڕه‌وده‌كرێت. ده‌وڵه‌ت زۆربه‌ى خه‌رجیه‌كانى ئه‌م كۆرسانه له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها مووچه‌ى مامۆستایانیش به‌شێوه‌یه‌كه به‌شى پێداویستیه‌كانى ژیانیان بكات و ناچار نه‌بن كارى تر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى به ته‌واوى خۆیان بۆ په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنى قوتابیان ته‌رخان بكه‌ن.
له‌م وتاره‌دا مه‌به‌ستمان بوو كه هه‌وڵده‌ین بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا له له ئالێنكارییه‌وه بگۆڕین بۆ ده‌رفه‌تێك تا پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به سیسته‌مى خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌كان بكرێت. ئه‌وه‌ى له‌م چه‌ند مانگه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا بۆمان ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌بوو كه زۆر شت هه‌بوو وامانده‌زانى زۆر زه‌حمه‌ته له كوردستان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام ئه‌نجامدانى ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت نه‌بوو، بۆ نموونه له‌گه‌ڵ به‌ربه‌ست و گرفته‌كانیش توانرا تا راده‌یه‌كى باش خوێندنى ئه‌لیكترۆنى په‌یڕه‌وبكرێت، بۆیه ئه‌گه‌ر متمانه به مامۆستایان و قوتابیان بكه‌ین، زۆر شتى باشتریش ئه‌نجام ده‌درێت.
پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر، سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر